بەهۆی مەترسی کەوتنی تاوەرێکی کارەبا لەنزیک پردی شارەدێی گردەگۆزینە "پردەکۆنەکە" بەئاراستەی قەزای خانقین بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ڕێگاکەی بەڕوی شۆفێراندا داخست و داوالەشۆفێران دەکات "هاوکاری مەفرەزەکانی هاتوچۆ بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە هاتوچۆیەکی سەلامەت دابین بکەن تاکو کردنەوەی ئەو ئاڕاستەیە".
ئاوێنە،بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت:" بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی مەترسی کەوتنی تاوەرێکی کارەباوە پردی گردەگۆزینە (پردە کۆنەکە) ئاڕاستەی (کەلار خانەقین) بە ڕووی شۆفێراندا داخرا بە هۆی باران بارینی زۆرەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ڕووباری سیرواندا، یەکێک لە تاوەرەکانی کارەبا کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕووبارەکە مەترسی کەوتنی لە سەرە".
لەڕاەیەنراوەکەی هاتوچۆی گەرمیاندا ئەوەشخراوەتەڕو:" بۆ ئەوەی مەترسی بۆ سەر ژیانی شۆفێران و بەکارهێنەرانی ئەوڕێگا دروست نەبێت بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ئەو ئاڕاستەیەی داخست و لەڕێگەی مەفرەزەکانی هاتوچۆوە ڕێنمایی و هاوکاری شۆفێران دەکرێت کە پردە نوێیەکە بە هەردوو ئاڕاستەی چوون و هاتن بەکار بهێنرێت تاکو چاککردنەوەی تاوەرەکە لە لایەن دەزگا پەیوەندی دارەکانەوە".
بۆیە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان داوا لە شۆفێران دەکات کە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن و هاوکاری مەفرەزەکانی هاتوچۆ بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە هاتوچۆیەکی سەلامەت دابین بکەن تاکو کردنەوەی ئەو ئاڕاستەیە.