حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت رێككەوتن
  2019-11-25       1229       

بەپێی قسەی دو وەزیری حكومەتی عێراق، رێككەوتنی سەرەتایی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەسەر پرسی نەوت كراوەو بڕیارە هەفتەی داهاتوش وەفدی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكاتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی رێككەوتنی كۆتایی.

ئاوێنە: دوای كۆبونەوەی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنەی ئابوری لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نوری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، لەگەڵ وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتون كە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە، هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات.

وتیشی، هەفتەی داهاتو دیداری دیكە ئەنجام دەدرێت بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكەی ئەمڕۆ.

لای خۆیشییەوە  سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچو، بە ئامادەبونی ژمارەیەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و لەلایەنی حکومەتی فیدراڵی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی کە هاوکات وەزیری داراییە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە کە هاوکات وەزیری نەوتە و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەی بون.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هەمو خاڵە سەرەکییەکان باسکران کە یاسای بودجەی فیدراڵی 2020 لەسەریان بونیاد دەنرێت، یەکێک لەخاڵە گرنگەکان رێكکەوتنی نەوتییە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان.

وتیشی"ئێستا رێککەوتنی سەرەتایی کراوە و پێموایە پشتیوان بەخوا رێککەوتنی کۆتاییە، کە لەسەر ئەو بنچینەیە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە 1/1/2020ەوە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی -سۆمۆ دەکات بۆئەوەی لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بکات".

 وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕو"لە بەرامبەردا بودجە هەیە و ئامادەدەکرێت کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بەشداری دەکەن و هەفتەی داهاتو لە رۆژانی یەکشەممە و دوشەممە کۆدەبنەوە، بەو هیوای پرۆژەیاسای بوجە تەواو بکەن تاوەکو  بە داڕشتنی نیمچە کۆتایی رادەستی سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و بکرێتە یاسای بودجەی 2020".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×