خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی یاداشتەکانی وینستۆن چەرچڵ
  2019-11-25       1009       

جەنگی دووەمی جیهانی لە دیدی وینستۆن چڕچڵەوە
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی یاداشتەکانی وینستۆن چەرچڵ
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
وینستۆن چەرچڵ یەکێکە لە سیاسەتمەدارە ناسراوەکانی بەریتانیا، لەسەدەی بیستەمەوە هەتاوەکو ئێستا، هیچ سەردەیەکی بەریتانیا هێندەی چەرچڵ لە جیهاندا ناسراو نییە. ئەم ناوبانگەشی زیاتر بۆئەوە دەگەڕێتەوە، لەکاتی جەنگی دووەمی جیهاندا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بووەو رۆڵێکی سەرەکیی  ویەکلاکەرەوەی گێڕاوە، لە جەنگ کردن  لەدژی رژێمی نازی ئەڵمانیا بەسەرۆکایەتی هیتلەر  و شکتسپێهێنانی ئەو رژێمەی کەژیانی تەواوی مرۆڤایەتی خستبووە مەترسیەوە. لەپاش سەرکەوتنی بەریتانیا و هاوپەیمانانی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، ناوبانگی چەرچڵ  لەتەواوی جیهاندا زیادیکرد.
لەپاش تەواوبوونی جەنگ و وازهێنانی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، یاداشتەکانی خۆی نووسیوە، ئەم یاداشتانە لە تەواوی جیهاندا بووە مایەی گرنگی پێدان و بوو بە کتێبی ساڵ لە زۆربەی ولاتانی جیهاندا، لەلایەکەوە ناوەرۆکی کتێبەکە رۆڵی هەبوو، چونکە خەڵكی دەیویست بزانێت  لەو قۆناغەدا چی گوزەراوە، چونکە چەرچڵ یەکێک بووە لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی جەنگی رزگاری جیهان لە چنگی نازیەتی ئەڵمانی و فاشیزمی ژاپۆنی. لەلایەکی تریشەوە شێوازی نووسینەکەی هێندە جوان بوو، بەتایبەتی لە رووی ئەدەبییەوە، کە نوخبەی ئەدیبانی جیهانی" سەرسامکردووە، هەرلەبەرئەمەش بوو کە ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب پێبەخشرا .
ماوەیەکی زۆربوو دەمویست  ئەم بیرەوەریانە بخوێنمەوە، چونکە جەنگی دووەمی جیهانی کاریگەری گەورەی بەسەر جیهانەوە هەبووە، خۆشبەختانە لەم دواییەدا ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێری هێژا " شاناز رەمزی هیرانی " کراوەتە کوردی، زۆر سوپاسی شاناز خان دەکەم، کە ئەم کتێبە جوانەی پێشکەش کردم ، کە بە بڕاوی من یەکێکە لە کتێبە جوانەکانی.
لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی کورتی خۆم لەبارەی ئەم کتێبەوە بخەمە روو، لەهەمانکاتیشدا پیاسەیەک بە ناو بابەتە گرنگەکانی ئەم کتێبە بکەین.

شێوازی نووسین
یەکێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکانی ئەم کتێبە کە وایکرد لەتەواوی جیهاندا بڵاوبێتەوە، شێوازی نووسینەکەیەتی، کە بەزمانێکی سادە و ئەدەبی بەرز نووسراوە. هەروەها نووسەر توانیویەتی جۆرێکی نوێ لە نووسینی بیرەوەری  لە جیهاندا بێنێتە کایەوە، کە زیاتر پشت بە راستی دەبەستێت و دوور دەبێت لەهەموو درۆکردن و قەبەکردنی رۆڵی خۆت و کەمکردنەوەی رۆڵی دوژمن و نەیارەکانت.
نووسەر روودەکاتە  راستگۆیی و پشت لە درۆکردن دەکات، ئەمەش لەرووی مێژووییەوە زۆر گرنگە، هەرئەمەش وایکردووە کە ئەم کتێبە بکرێتە سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە لەبارەی مێژووی جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەیانەوێت کتێب یان لێکۆڵینەوە بنووسن.
نووسەر لەبارەی شێوازی نووسینەکەیەوە دەڵێت:
ئەو رێچکەیەی من لەو نووسینەدا لەسەری رۆیشتوم، رەخنە ناگرێت لەسەر هیچ کارێکی سەربازی یان سیاسی دوای رووداونی، ئەگەر پێشتر دژی روودانی نەبووبم و هۆشداریم نەدابێ لە روودانی ، یان بۆ رازیکردنی جەماوەر بوبێت، بەڵام من ئەوە دەڵێم کە بە خۆم لە ژیانمدا بەئەزموونەوە پێیدا تێپەڕیوم . ل 17
کۆمەڵێک بابەتی گرنگ
خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە ، باسکردنی کۆمەڵێک بابەتی گرنگە، کە لەو ساڵانەدا روویانداوە، لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی هەندێکیان بکەم.
بۆچی جەنگی دووەمی جیهانی سەریهەڵدا و هەڵەکانی هاوپەیمانان چی بوون؟
نووسەر پێش ئەوەی باسی رووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهان بکات، وەکو  مێژونووسێک و سیاسەتمەدارێک باسی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهانی دەکات ، لەهەمانکاتیشدا هەڵەی هاوپەیمانەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانی بەرامبەر ئەڵمانیا دەخاتە روو.
رێکەوتنی ڤێرسای
زۆربەی مێژوونوسان لەو باوەڕەدان کە رێکەوتنامەی ڤێرسای بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ ، کۆمەڵێک هەڵە‌و کەموکورتی گەورەی تێدابووە لەجیاتی ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، دووبارە رێگای بۆ جەنگێکی تر خۆشكردووە، نووسەریش  لەم کتێبەیدا باسی ئەو هەڵانە دەکات.
هەندێک کەسیش پێیان وابووە، ئەم رێکەوتنە کاتییە و ناتوانێت جەنگ رابگرێت بۆ نموونە نووسەر باسی پێشبینی جەنەراڵ فۆش فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانی دەکات کاتێک لەبارەی ڤێرسایەوە دەڵێت: رێلکەوتنی فێرسای وەکو ئاگربەستێک وایە بۆ ماوەی بیست ساڵ . ل 22
هەڵەی هاوپەیمانان بەرامبەر ئەڵمانیا
بە بڕوای چرچڵ دەوڵەتە هاوپەیمانەکان کۆمەڵێک هەڵەیان کردووە، کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهانی
سەپاندنی مەرجی زۆر بەسەر ئەڵمانیای دۆڕاودا.
چرچڵ پێی وایە نەدەبوو هێزە سەرکەتووەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، لەرێکەوتنامەی فێرسایدا هێندە مەرجی قوورس بەسەر ئەڵمانیادا بسەپێنن بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە داماڵینی چەک و قەرەبووکردنەوەو هەبوو. لەمبارەیەوە دەڵێت:
دەوڵەتە هاوپەیمانەکان نەیانتوانی درک بەو واقیعە بکەن  کە هیچ گەلێکی دۆڕاو و رووخاو لە جەنگ، ناتوانێت بەو شێوەیە خەرجی هیچ جۆرە جەنگێکی تری پڕ خەرجی بکات . ل22
شێوازی هاوکارییەکان
هەڵەیەکی تر کە نووسەر ئاشكرای دەکات کە ئەمریکا و بەریتانیا کردوویانە، شێوازی هاوکاری کردن و قەرەبووکردنی ئەڵمانیا  بوو، لەمبارەیەوە دەڵێت:
بەریتانیا و ئەمریکا نزیکەی 1500 ملیۆن پاوەندیان وەکو هاوکاری داوەتە ئەڵمانیا  بۆ ئەوەی بتوانێت  وێرانکاری پاشماوەی جەنگ چاک بکاتەوە کەچی دواتر دەرکەوت هاوپەیمانان هیچ سوودێکیان لەو یارمەتیانەی بۆ ئەڵمانیایان دا نەبینی، تەنانەت سووپاسگوزاریش نەبوون، مێژوو ئەو جۆرە کارانە بە جۆرێک لە شێتی و نەفامی لەقەڵەم دەدات، چونکە ئەو کارانە بوونە هۆی بەهێزکردنی رۆحی سەربازی و باری ئابووری لە ئەڵمانیا . ل 23
داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ئەڵمانیا
خاڵێکی گرنگی تر، دابڕینی چەند ناوچەیەک لە ئەڵمانیا بۆ فەرەنسا، هەرچەند ئەمریکا و بەریتانیا دژی بوون، چونکە دژی بنەماکانی نەتەوایەتی و  مافی چارەنووس بوو.
داڕمانی دارایی
لەبارەی رەوشی دارایی ئەڵمانیاوە، کە هۆکارێکی گرنگی جەنگەکە بووە، نووسەر دەڵێت:
 داڕمانی دارایی لە ساڵی 1919 تا 1923 دۆخی دارایی و ئابووری و پێدانی قەرزی قەرەبووکردنەوە  لە نێوان ساڵانی 1919 بۆ 1923  مارکی ئەڵمانیا بەشێوەیەکی زۆر خێرا بێ بەها بوو.
بەهێزبوونی فکری کۆمۆنیستی " بۆلشەفی و " فاشیزم
نووسەر  پێی وایە بەهێزبوونی فکری فاشێستی و کۆمۆنیستی، هۆکارێکی تری بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانییە. 
پارەکان بۆ ئەمریکا دەچوو
 نووسەر باسی راستییەکی نوی دەکات کە پێشتر باس نەکراوە ئەوەش ئەوەیە کە ئەو پارەی    قەربووەی کە لە ئەڵمانیا وەرگیراوە،  هیچ سوودی بۆ فەرەنسا  وبەریتانیا نەبوە، بگرە بۆ ئەمریکا بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئەو قەرەبوانەی تا ساڵی 1931 بەسەر ئەڵمانیادا سەپێنرا، ئەو قەرەبوانە لەلایەکی تر بە قەرزە زەبەڵاحەکانی ئەمریکا دەدران، بۆیە ئەوە بووە پرۆسەیەکی یەکجار بێ مانا و جێگەی سەرسووڕمان . ل 26
سیاسەتی هەڵەی  ئەمریکا
لەماوەی سەدساڵی پێشوودا ئەمریکا رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە سیاسەتی جیهاندا، بەتایبەتی لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانییەوە. نووسەر لەمبارەیەوە رەخنە  لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرێت، کە کەمتر گرنگی بە دژایەتیکردنی فاشیزم داوەو زیاتر خەریکی ناوماڵی خۆیان بوون. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئەوکاتە ئەمریکا  بە کێشە و بەرژەوەندییەکانی خۆی سەرقاڵ بووم وەک ئەوەی رووداوەکانی ئەوروپا بەلای ئەوەوە گرنگ نەبێت ل 45
ئەم سیاسەتی گۆشەگیرییەی ئەمریتکاش، زەرەری گەورەی لە جیهانداوە.
تێکچوونی پارسەنگی هێزی سەربازی ئەوروپا  
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەدات، گرنگی نەدانی دەوڵەت هاوپەیمانەکانە بە خۆپڕچەکردن و بەهێزکردنی هێزی سەربازییان. لەهەمانکاتیشدا پشتگوێخستنی سیاسەتی عەسکەرتاری ئەڵمانیاییە، کە لەسایەی هیتلەردا، گرنگی زۆر بە سووپای ئەڵمانیا دا، ئەمەش  بەزەرەر بۆ دەوڵەتانی جیهان شکایەوە.
لەمبارەیەوە دەڵێت: 
هەر وڵاتێک گەر توانی لە گۆڕەپانی زانست و زانیاریدا مەبەستی خۆی بپێکێت، ئەوا تەنیا پێنچ ساڵی دەوێت تا بتوانێت هێزێکی ئاسمانی پێشكەوتوو دروست بکات.  هەر لە ساڵی 1934 ەوە  هیتلەر بڕیاریدا چەکی ئاسمانی  پەرەی پێبدرێت و ببێتە بەشێک لە چەکی جەنگی ئەڵـمانیا.
هیتلەر پێی وابوو، چەکی ئاسمانی کارەکەی خێراتر دەکات و هەروەها لەبەرامبەر فەرنسا و بەریتانیا بەهێزتری دەکات . ل 61
ئیتالیا
ئیتالیا یەکێکە لە وڵاتە گرنگ و گەورەکانی ئەوروپا، هەمیشە ئەم وڵاتە لە رووی ئابووریی، سیاسی، فەرهەنگی و سەربازیشەوە، کاریگەری گەورەی بەسەر ئەم کیشوەرەوە هەبووە. لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا، رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە جەنگەکەدا. چرچڵ بەشێکی زۆری لە کتێبەکەی بۆ ئیتالیا داناوە، هەروەها رەخنە لە  سیاسەتی شەڕەنگێزی و تەماعکاری و داگیرکاری وڵاتانی جیهانی مۆسۆلینی دەگرێت، و بەهاتنە سەرکاری هیتلەر، هانی ئەم پیاوەی داوە کە ببێتە هاوپەیمانی ، بەمشێوەیەش جیهان بەرەو نەهامەتی گەورە هەنگاوی نا.
لەمباریەوە نووسەر دەڵێت:
ئاشتەوایی جیهانی کەوتبووە بەر ئەگەری گورزێکی کوشندە، مەسەلەی یەکسانبوونی چەکی ئاسمانی ئەڵمانیاش، وایکرد ئیتالیا رووبکاتە ئەڵمانیا. بۆیە لەم دوو دۆخەدا هیتلەر رێگەی بۆ خۆشكرا جەنگ بەرپا بکات. ل 73
ئەوەی بەلای منەوە جێگەی سەرنجە، ئیتالیا رۆڵی یەکلارەوەی لە هەڵگیرساندنی جەنگەکە هەبووە،
بەهەمانشێوە رزگارکردنیشی رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت بۆ سەرکەوتنی هاوپەیمان و شكستی ئەڵمانیا.
رۆڵی گرنگی ئەسیوپیا " حەبەشە"  
هەندێک وڵاتە هەیە هیچ کاتێک باوەرم نەدەکرد کە رۆڵی سەرەکیان لە جەنگی دوەمی جیهانیدا هەبووبێت، یەکێک لەو وڵاتانە ئەسیوپیا " حەبەشە" یە. داگیرکردنی ئەم وڵاتە لەلایەن ئیتالیاوە، بووە گرێ کوێرەی جەنگی دووەمی جیهانی، چونکە بەریتانیا دژی ئەم داگیرکردنە و سیاسەتی فراوانخوازی مۆسۆلینی لە ئەفریقا وەستاوەتەوە، ئەمەش بووە هاندەرێکی باش، بۆئەوەی کە ئیتالیا بچێتە سەنگەری ئەڵمانیاوە، هەرچەندە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، ئیتالیا لەبەری هاوپەیمانان بوو دژی ئەڵمانیا بوو، بەڵام مۆسۆلینی ئەم سیاسەتەی گۆڕی.

گرنگی رۆژهەڵاتی ئەوروپا
هەتاوەکو ئەم کتێبەم نەخوێندەوە لە گرنگی و رۆڵی ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەوروپام لە جەنگی دووەمی جیهانی بۆ دەرنەکەوت. ئەم ناوچەیە دەبێتە مەیدانێکی گەرمی نێوان زلهێزە گەورەکانی جیهانی ئەوکاتە بەتایبەتی " ئەڵمانیا ، بەریتانیا، روسیای سۆڤێتی" هەر لێرەشەوە جەنگی دووەمی جیهانی سەرهەڵدەدات. هەمیشە چاوی تەماعکاری ئەڵمانیا لەسەر ئەم ناوچەیە بوو، هەتاوەکو ئێستاش ئەم ناوچەیە گرنگی زۆری بۆ ئەڵمانیا هەیە و بە باخچەی پشتەوەی خۆی دادەنێت.  چڕچل باسی روواوێكی گرنگ دەکات لە پێش هەلگیرسانی جەنگ و دەڵێت:
 لە رۆژێکی ساڵی 1937 و بەهرفۆن رینترۆی باڵیوۆزی ئەڵمانیام بینی و بەناوی حکومەتی ئەڵمانیاوە داوایلێکرد و ووتی: ئەڵمانیا ئامادەیە بەو هەموو هێزی خۆیەوە ببێتە پاسەوانێک بۆ ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و هەموو داواکاری ئەڵمانیا ئەوەیە بەریتانیا دەست لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بۆ ئەڵمانیا هەڵبگرێت. ل 88 بەڵام چرچڵ و بەریتانیا ئامادەنەبوون .
لەراستیدا زلهێزەکانی ئەوکاتە بەتایبەتی بەریتانیا سەرەتا سازشی زۆر بۆ ئەڵمانیا دەکەن و بەتایبەتی لە چیک دا، بەڵام ئەمەش دەردیان ناخوات و ناتوانن رێگری لە چاوی تەماعکاری هیتلەر بگرن.
چیک قووربانی گەورەی ئەوروپا .
سووپای چەتەگەری ئەڵمانی لە جەنگی دووەمی جیهاندا زۆر گەل و  دەوڵەتی هاڕیی و بوونە قووربانی، بەڵام کە مێژووی ولاتی چیک دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت ئەم وڵاتە بووە قووربانی یەکەم و سەرەکی جەنگەکە. لەوکاتەدا بەهۆی بوونی کەمینەیەکی ئەڵمانی لە چیک کە پێیان دەڵێن " سیودتن"  هیتلەر ئەمانە دەکاتە بیانو بۆئەوەی پەلاماری چیک بدات، گەلی چیکی قارەمانیش بەوپەڕی مەردایەتییەوە بڕیاری رووبەروبونەوەی ئەڵمانیای داگیرکار دەداتەوە، بەڵام چ بەریتانیا و چ فەرەنسا ، رۆڵی زۆر نێگەتیفیان لەم جەنەگدا دەبێت و سازش بۆ هیتلەر دەکەن و رێکەوتنی میونخی لەگەڵ دەبەستن، بەمشێوەیەش چیک بەشێکی زۆری وڵاتەکەی و سەرەوت و سامانەکەی لەدەستدادات، هەرچەندە پاشان چرچل باسی ئەوە دەکات کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندە بووە  بەتایبەتی لەرووی سەربازییەوە، چونکە چیک لەوکاتەدا خاوەنی سوپایەکی بەهێزبوەو خاوەنی 22 تیپی نیزامی و شانزەی تیپی تری هێڵەکانی دوواوە بووە، هەروەها تەواوی خەڵکی چیک دژی هێرشی داگیرکاری ئەڵمانیا بۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی داگیرکاری چیکەوە، کارگە گەورەکانی چیک بەتایبەتی " سکۆدا" کەوتە بەردەستی ئەڵمانیا. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ئێستادا ئەو کارگانە دووبارە کەوتنەوە دەستی کارگەکانی " ڤۆلکس ڤاگنی" ئەڵمانیا، بەڵام ئەمجارەیان بەناوی ئابووری ئازادەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی کە زۆر ناخۆشە، کاتێک سوپای ئەڵمانیا چیک داگیر دەکات،پۆلۆنیا لەجیاتی ئەوەی بچێت بەهانای چیکەوە، کەچی  لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە چیک دەدات و   ئەویش بەشێکی چیک داگیر دەکات، هەرچەندە پاشانیش پۆلۆنیا دەبێتە قووربانییەکی گەورەی جەنگەکە. هەروەها بەهۆی داگیرکردنی چیکەوە، لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە،ئەڵمانیا سوودی زۆریکرد، چونکە  سێ ملیۆن نیو سیودتی ئەلمانی بۆ خۆی زیادکرد و بەمەش لەرووی سەربازییەوە سوودی بە سووپاکەی ئەڵمانیا گەیاندووە.
هەڵگیرساندنی گەورەترین جەنگی جیهان
لەپاش بەهێزبوونی ئەڵمانیا لەرووی سەبازیی و سازشی بەردەوامی هێزە هاوپەیمانەکان، لە 31 ئابدا  ئەڵمانیا  بڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهانی دەدات و پەلاماری پۆلۆنیا دەدات ، هەر لەپاش هەڵمەتی داگیرکاری پۆڵۆنیا، بەریتانیاش دێتە ناوجەنگەکەوە  و بەمەش ئاگرێکی گەورە تەواوی گەلانی ئەوروپا دەسووتێنێت.
بوون بەسەرۆک وەزیران
دیارە چرچڵ لە پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانیش ، هەمیشە لەناو سیاسەتی بەریتانیادا ، رۆڵی بەرچاوی هەبووە، بەڵام کاتێک کە دەبێتە سەرۆک وەزیران، ئەوجا بەتەواوەتی دەتوانێت هزروبۆچوونە سیاسییەکانی بسەپێنێت. لەوباوەڕەدام چرچڵ وەکو تاک، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە شکستپێهێنانی چەتەگەری ئەڵمانیا، چونکە ئەم پیاوە زۆر بە جددیەوە هەوڵی لەناوبردنی فاشیزمی داوەو لەرووی فکریشەوە زۆر دژی فکری فاشیزم و  کۆمۆنیزم بووە. لەهەمانکاتیشدا زۆر باوەری بە دیموکراسی هەبووە.  لەمبارەیە دەڵێت:
لە 10ی ئایاری 1940 سەرەتای دەستپێکی جەنگ جڵەوی دەسەڵاتم وەرگرت و توانیم بە درێژایی پێنچ ساڵ و سێ مانگ لە جەنگی جیهانی ، تا کۆتایی رادەست بوونی ، سەرجەم دوژمنەکانمان بە بێ هیچ مەرجێک بمێنمەوەو پاشان کاندێکی بەریتانی توانی دوورم بخاتەوە. ل 157.
سەیر ئەوەیە چرچڵ کە بەریتانیای رزگارکرد، کەچی پاش جەنگ، گەلی بەریتانیا ، دەسەڵاتی لێسەندەوە، ئەویش ئەم کارەی بەشتێکی ئاسایی وەرگرتووەو نەهاتووە ساڵانی خەبات و تێکۆشانی بکاتە بیانوو، بۆ مانەوەی لە دەسەڵات.
پرۆسەی شێری دەریا
پیلانی داگیرکردنی بەریتانیا یەکێک بوو لە نەخشەکانی هیتلەر و بەریتانیاش دەبێتە مەیدانێکی سەرەکی جەنگ. لە سەر فەرمانی هیتلەر سووپای ئەڵمانیا ئۆپەراسیۆنی " شێری دەریا" لە مانگی ئابی 1940 دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەم پیلانە سەربازییەدا 168 پاپۆری جەنگی گەورە کە قوورسایی بارەکانیان دەگەیشتە 700 هەزار تۆن، 191 کەشتی گواستنەوەی سەرباز و 419 کەشتی خێرا و 1600 بەلەمی بازرگانی بچووک. هەروەها لەرووی هێزی ئاسمانیشە کە لە هەمووی ترسناکتر بووە، نزیکەی 2669 فرۆکەی جەنگی بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دەکەن. ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی چەندین مانگ دەخایەنێت و تەواوی شارەکانی بەریتانیا ، خاپوور و دەسووتێنرێت، بەڵام هیتلرە هەر سەرناکەوێت، چونکە رووبەروی بەرەنگاریەکی گەورەی  گەلی بەریتانیا دەبێتەوە.
بەرەنگاری گەلی بەریتانیا
بەراستی ئێمە هەر زیاتر شارەزاییامن لەبارەی رۆحی گیانفیدایی روسەکان هەبوو، بەڵام گەلی بەریتانیا دەتوانم بڵێم،  ئەوە رۆحی گیانفیدایی ئەوان بوو  کە جیهانی رزگارکرد، بەتایبەتی لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەموو فرۆکە جەنگییە سەربازییانەی ئەڵمانیا، کە رۆژانە شارەکانیان بۆمباران کردووە، بەڵام رۆحێکی گەورەی گیانفیدایی، توانی بەسەر ئەم لەشکرکێشییەی ئەڵمانیا بوەستێتەوە بەمەش ، جیهان توانی گەورەترین بنکەی مقاوەمەتی ئەڵمانیا نەدۆرێنێت و  لێرەشەوە پلانی رزگارکردنی ئەوروپا و جیهان دابنرێت.
رۆڵی نێگەتیفی روسیا
من پێشتر بە حوکمی ئەوەی لەناو چەپەکاندا ، هەمیشە باسی مەزنی و قارەمانی روسیامان دەکرد لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، زۆر ئاگاداری ووردەکاریی و هەڵوێستەکانی ستالین و روسیا نەبووم بەتایبەتی لەسەرەتاکانی جەنگەکەدا.  کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە ، زانیاری زۆری تێدابوو لەبارەی هەڵوێستەکانی روسیا لەسەرەتای جەنگەکەدا، کە هەر هەموویان دەتوانم بڵێم بە شەرمەزاری وەسفیان بکەم. یەکەمین هەڵوێستی شەرمەزای روسیاش رێکەوتنی سۆڤێت و ئەڵمانیایە کە لە 23 ئابی 1939 مۆرکرا ، هەر لەپاش ئەم رێکەوتنەوە ئیتر ئەڵمانیا پەلاماری پۆلۆنیای داو لەگەڵ روسیادا  پۆڵۆنیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپایان دابەشکرد.
هەروەها هەتاوەکو ئەو رۆژەی ئەڵمانیا پەلاماری روسیا دەدات، روسیا هەر داکۆکی لە هەڵمەتە داگیرکارییەکانی ئەڵمانیا کردووە، لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
ئەو حکومەتە هیچ گرنگییەکی بە چارەنووسی وڵاتانی رۆژئاوا نەدەدا، هەرچەندە ئەوە مانای تێکشاکاندنی بەرەی دووەمی دەگەیاند، کە دوای ماوەیەکی کەم و لەسەر داوایەکی زۆر دروستکرا،،،
 حکومەتی روسیا بە فەرمی دانی بە حکومەتکەی رەشیدا عالی لە عیراق دا نا کە سەر بەئەڵمانیا بوو. هەروەها کاتێک بەلجیکا و نەوریژ لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیردەکرێن، هەردوو دیپلۆمتکاری راسپێردراوی حکومەتی بەلژیکا و نەرویژی لە  مۆسکۆ دەرکرد، وەزیری یۆگسلاڤیاش بەهەمان چارەنووس گەیشت، لەسەرەتای مانگی حوزیران،  روسیا کارەکانی راسپێردراوی حکومەتی یۆنانی هەڵپەسارد، ئەمانە هەمووی بۆ رازیکردنی ئەڵمانیا بوو. ل 277
پاشان چرچل باس لە سزای خودایی بەسەر روسیادا دەکات ، چونکە بێ ئاگایی و لووتبەرزانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە لەمبارەویەوە دەڵێت:
 ئەفسانەیەکی یۆنانی هەیە باس لە تووڕەیی خواوەند نیمیس دەکات، کە بەڵا بەسەر هەرکەسێک دەهێنێت سنووری خۆی تێپەڕ بکات و سنوورێک بۆ لووتبەرزییەکی دادەنێت، تۆڵەش لەهەرکەسێک دەکاتەوە ئەگەر تاوانێکی قێزەون ئەنجام بدات . ل274
جێگەی گوتنە روسیا لەپاش پەلاماردانی لە لایان ئەڵمانیاوە، دەبێتە زەرەرمەندی یەکەمی جەنگەکە و زیاتر لە 20 ملیۆن هاوڵاتی گەلانی سۆڤێت دەبنە قووربانی جەنگەکە، هەموو ئەمانەش بەهۆی هەڵەی گەورەی حکومەتی سۆڤێت بەسەرۆکایەتی ستالینەوە بووە.
رۆژهەڵاتی ناڤین و رۆڵی لە جەنگەکە
دیارە ئەم جەنگە تەنها لە ماڵی ئەوروپادا نابێت، بەڵکە ئاگری جەنگەکە پەل بۆ هەموو جیهان دەهاوژێت و گەلان و وڵاتانی تریش دەسووتێنێت، یەکێک لەو شوێنانەش رۆژهەڵاتی ناڤین دەبێت بەتایبەتی " ئێران، عیراق، سوریا" لەم کتێبەدا نووسەر باس لە گرنگی ئەم سێ وڵاتە دەکات لە جەنگەکەدا.
عیراق
لەوکاتەدا عیراق رۆڵی سەرەکی بۆ بەریتانیا دەبێت ، چونکە ئەڵقەی پەیوەندی بووە بۆ هیندستان و بەریتانیا، هەروەها بنکەی سەربازی  بەریتانیا لە عیراق پارێزگاری لە ناوچەکە و کەنداوی فارسی دەکرد، هەربۆیە بەریتانیا دژی کودەتاکەی ئازاری 1941 بەسەرۆکایەتی رەشید عالی گەیلانی کردووەو لەم کتێبەشدا بە ووردی باسی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بەریتانیا دەکات لە دژی رەشید عالی گەیلانی.
سوریا
هیچ کاتێک باوەڕم نەدەکرد کە سوریا هێندە پێگەی گرنگی هەبووبێت لە جەنگی دووەمی جیهانی، بەڵام چرچڵ بە گرنگییەوە باسی ئەم وڵاتە دەکات و مەترسی داگیرکردنی لەلایەن ئەڵمانەکانەوە دەخاتە روو، هەربۆیە لێرەش بەتوندی رووبەروی هەڵمەتی داگیرکاری ئەڵمانی بوونەتەوە. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
ئەگەر ئەڵمانەکان دەستیان بەسەر سوریادا بگرتایە، ئەوا هەریەک لە میسر و کەناڵی سوێس و کارگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە عەبادان دەکەوتنە بەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆ و بەردەوام. هەروەها رێگای وشكانیشمان لە نێوان فەلەستین و عیراق دەکەوتە مەترسییەوە. ل 369.

ئێران
ئێران یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا هەرچەندە رەزا شا ئیعلانی بێلایەنی کردبوو، بەڵام لەژێرەوە دۆستی ئەڵمانیا بوو. لەوکاتەدا ئێران رۆڵی گرنگی لەم جەنگەدا هەبووە بۆ هاوپەیمانەکان، بەتایبەتی لە دوو رووەوە : یەکەمیان : بوونی نەوتێکی زۆر، کە رۆڵێکی بەرچاوی لە جەنگەکە هەبوو، هاوپەیمانەکان ترسیان هەبوو، ئەم نەوتە زۆرەی ئێران بکەوێتە چنگی ئەڵمانەکان. هەروەها گەر ئێران لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیربکرایە، ئەوا دەبووە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی فارسی و عیراق و هیندستان. دووەم خاڵی گرنگیش، هاوپەیمانەکان دەیانویست لە رێگەی ئێرانەوە، هاوکاری بگەیننە یەکێتی سۆڤێت. وەکو نووسەریش دەڵێت: لەپاش داگیرکردنی ئێران لە ساڵی 1941 ەوە هەتا کۆتایی جەنگەکە ، توانیمان زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن ، هاوکاری بگەیەنینە روسیا . ل292
هەرلەبەرئەمەشە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی " بەریتانیا، ئەمریکا، سۆڤێت" ، ئێران داگیردەکرێت.

باکووری ئەفریقا
وەکو وتم جەنگەکە هەموو جیهانی گرتۆتەوە جگە لە ئەمریکا نەبێت بەهەردوو بەشەکەی " باکوور و باشوریەوە". شوێنێکی تر کە جەنگی گەورەی تێدا ئەنجامدراوە، باکووری ئەفریقایە بەتایبەتی وڵاتانی " لیبیا، تونس، جەزائیر، مەغریب، میسر" لێرەش هێزی ئەڵمانیا لە سەرەتادا بەسەرۆکایەتی جەنەڕال "رومڵ" سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێت. نووسەر لەکتێبەکەیدا باسی تەواوی ئەو جەنگانە دەکات کەلەم ناوچەیە روویداوە، بەلای منەوە هەمووی زانیاری نوێ بوون، بۆ نموونە بەلامەوە سەیربوو، لیبیا هێندە پێگەی گرنگی هەبووە لەم جەنگە. هەروەها باسی جەنگی تونس دەکات، لەم وڵاتە بچووکەدا گەورەترین جەنگ تێیدا روویداوە، بەجۆرێک نزیکەی نیو ملیۆن سەربازی ئەڵمانی بەدیل گیراون، لێرەشەوە جەنگی باکووری ئەفریقا یەکلایی دەبێتەوەو ئەڵمانیا سەرەتای شکستی خۆی دەدات بە دەستەوە.
نووسەر لەبارەی جەنگی تونسەوە دەڵێت:
هیتلەر زیاتر لە سەد هەزار سەربازی بۆ بەهێزکردنی بەرەی تونس لەرێگەی فرۆکەوە نارد، دواتر دەرئەنجامی خراپ و  زیانی گەورەی لێکەوتەوە، لە راستیدا ئەو کارەی هیتلەر هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بوو ، چونکە گەر ئەو هەموو هێزەی لەوێ بەکارنەهێنابایە ، ئەوا دەیتوانی بەو هێزە گەورەیە بەرەی روسیای پێ بەهێز بکات یان بەشێکی لە نۆرماندی کۆبکاتەوە. ل 263
بەڵام خۆشبەختانە هیتلەر ئەم هەڵە گەورەیەی کردووەو مرۆڤاتیش لە هەر هەڵەیەکی هیتلەر سوودمەنی سەرەکی بووە.
ژاپۆن و کیشوەری ئاسیا 
وڵاتێکی تر کە مەرگەساتی گەورەی بەسەر جیهاندا هێناوە، ژاپۆنە.  ئەم وڵاتەش بەهۆی سیاسەتی فاشیستی و داگیرکاری وڵاتانی تر، تەواوکی گەلانی جیهانی رووبەروی مەترسی گەورە کردەوە. بەتایبەتی لە چین، کە زیاتر لە 30 ملیۆن کەس بوونە قووربانی چەتەگەری ژاپۆن. نووسەر لەم کتێبەیدا پانتایی باشی بۆ جەنگەکانی بەریتانیا و ئەمریکا لە دژی ژاپۆن داناوەو باسی کۆمەڵێک جەنگی گەورە دەکات کە لە کیشوەری ئاسیا روویداوە بەتایبەتی لە وڵاتانی " بۆرما و سەنگاپوور و مالیزیا و هیدنستان و چین"
نۆرماندی و رزگارکردنی ئەوروپا
لەماوەی پێشوودا زۆر کورد ناوی نۆرماندیان بیست، دیارە ئەوەش پاشئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وتی: کورد لە جەنگی نۆرماندی لەگەڵمان نەبوون. دیارە پرۆسەی نۆرماندی ، یەکێکە لە گەورەترین داستانی سەربازی کە لەم جەنگەدا تۆمار کرابێت و لەرێگەی ئەم جەنگەشەوە، بڕیاری یەکلاکەرەوە درا و جاڕی شکستی ئەڵمانیا لێدرا .
نووسەر بەدرێژی باسی ئەم پرۆسەیە دەکات و دەڵێت:
 لەم هەڵمەتەدا نزیکە 326 هەزار سەرباز و 54 هەزار ئوتۆمبێل و تانکی سەربازی و 104 هەزار تۆن کەلوپەلی سەربازی لە رێگەی ئاسمانیی و وشکانی دابەزینە کەنارەکانی نۆرماندی لە باکووری فەرەنسا .
 لێرەشەوە موژدەی سەرکەوتن و رزگاربوونی ئەوروپا لە سوپای داگیرکاری ئەڵمانیا و ساڵانی جەنگ و کارەسات کۆتایی پێهات .
ستالینگراد
ستالینگراد وێستگەیەکی گرنگی تری جەنگی دووەمی جیهانییە و لێرەشدا گەلانی سۆڤێت داستانێکی گەورەیان لە گیانفیدایی تۆمارکرد، ، لێرەشەوە لە رۆژهەڵاتەوە جاڕی نەمانی حوکمی خوێناوی سوپای داگیرکاری ئەڵمانیا درا. چرچڵیش هەرچەندە زۆر رقی لە یەکێتی سۆڤێت بووە، بەڵام بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی ئەم داستانە گەورەیە دەکات و دەڵێت:
 زیانی روسەکان لە هەژمار نەدەهات ، لەگەڵ ئەوەشدا هیج هێزێک نەیتوانی بەسەر روسەکاندا سەربکەوێت،،، روسەکان زۆر قارەمانانە دەستیان کرد بە هێرش و گەمارۆدانی دوژمن . ل 371
رۆڵی دووفاقی تورک
خاڵێکی گرنگی تر کەلەم کتێبەدا بەرچاوم کەوت، هەڵوێستی دووفاقی تورکیایە لەم جەنگەدا،هەرچەندە بەدرێژایی مێژوو ئەم وڵاتە لەمجۆرە هەڵوێستانە بەردەوامە.  دیارە تورکیا لە ژێرەوە لە زۆر رووەوە پشتگیری رژێمی نازیەتی ئەڵمانیای دەکرد، هەرچەندە خۆی وەکو بێلایەن دانابوو، چرچڵ لەم کتێبەدا باسی هەڵوێستی خراپی ئەم وڵاتە دەکات لەم جەنگەدا، کەهیچ کاتێک ئامادە نەبووە ئیعلانی جەنگ لەدژی ئەڵمانیا بکات، دیارە ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە بەژرەوەندیی و لەهەمووشی گرنگتر لەرووی ئایدۆلۆژییەوە، هەردووکیان فاشیست بوون.
چرچڵ  بەشێک لەکتێبەکەی بەناوی " چەقبەستن لەدەریای سپی ناوەڕاست" داناوەو تێیدا باسی هەڵوێستی خراپی تورکیا دەکات
لەمبارەیەوە چرچل دەڵێت :
دەمێک بوو من و سەرۆک " مەبەستی رۆزڤێڵد سەرۆکی ئەمریکایە" دەگەڕاین  بە دوای کردنەوە رێگەیەکی نوێ بۆ هاریکارکردنی روسیا و وەشاندنی گورزێک  بەلای باشووری ئەڵمانیا. هەرلەبەرئەوەی تورکیا کلیلی کردنەوەی ئەو گرێ کوێرە بوو، چەند مانگێک  بوو ئامانجمان رازیکردنی تورکیا بوو، لەبارەی هاتنی بۆ ناو جەنەگەکە لەگەڵ ئێمە.
پاشان  بۆ ئەم مەبەسەت دەچێتە تورکیا و لەکاتێکدا وەزعی ناوچەکەش خراپە، لە ئەدەنە عیسمەت ئەنینۆ  سەرۆکی ئەوکاتی تورکای دەبینێت، بەڵام هەر سەرکەوتوو نابێت.
پاشان دەڵێت:
مەبەست لەو وتوێژانە لەگەڵ تورکیا ، خۆشکردنی رێگایەک بوو لەبەردەم بەشداریکردنی تورکیا لەجەنگی پاییزی ساڵی 1943، بەڵام ئەوە رووی نەدا، تەنانەت دوای رووخانی ئیتالیا و پێشڕەوییەکانی روسیاش بەسەر ئەڵمانیا ، تورکیا ئامادەنەبوو بێتە جەنگەکەوە. ل 369
 لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
بەدرێژایی پاییز و زستانی سەرقاڵی گواستنەوەی بنکەکانی هاوەنی قورس بووین لە ئەمریکا و بەریتانیاوە، ئەڵمانەکانیش لە رودیس بوون ، ئەمانەش وەکو دڕکێک لەسەر رێگەمان بوو، کاتێک تورکیا ئەو چەقبەستنەی بینی لە نزیک هاوپەیمانان ، بەڵام وەڵامی نەداینەوەو بێبەشی کردین لەبەکارهێنانی فرۆکەخانەکانی. ل389
بەدرێژای ئەو ساڵانەش تورکیا داوای هاوکاری سەربازی لە هاوپەیمانان و نازییەکان کردووە، لەهەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە، لەپاش تەواوبوونی جەنگ، کاتێک تورکیا زانی هاوپەیمانان بردیانەو، یەکەمین وڵات بوو، چووە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە، لەکاتێکیشدا کۆمارە نوێکەیان ، بەهاوکاری  مادیی و سیاسیی و سەربازی یەکێتی سۆڤێت دروست بوو.
خاڵێکی گرنگی تریش بەلای منەوە ، بۆچی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان پەلاماری تورکیاییان نەدا، کەچی پەلاماری ئێرانیان دا؟ دیارە گەر ئەوە روویبدایە، ئەوا بە سوود بۆ گەلی کورد دەگەڕایەوە، بەڵام بەداخەوە رووی نەدا.
ئەمریکا
لەم کتێبەدا نووسەر پانتاییەکی زۆری بۆ ئەمریکا داناوە، لەهەمانکاتیشدا زۆر بەرێزەوە باسی رۆڵ و هاوکارییەکانیان دەکات بۆ دەوڵەتە هاوپەیمانەکان . دیارە نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە ئەمریکا رۆڵێکی ئێجگار گەورەی لە جەنگی رزگارکردنی ئەوروپادا هەبووە، دڵنیام گەر ئەمریکا بەشداری جەنگەکەی نەکردایە، ئەوا ئەگەری زۆری هەبوو کە ئەڵمانیا لەسەرکەوتنەکانی بەردەوام بوایە. نووسەریش لەزۆرشوێندا باسی هاوکاری سەربازیی و ماددیەکانی ئەمریکا دەکات، لەهەمانکاتیشدا باس لە خاڵە جیاواز و ناکۆکەکانیشیان دەکات.
هیتلەر
لەم کتێبەدا نووسەر باسی کۆمەڵێک کەسایەتی دەکات ، لە پێش هەموویانەوە هیتلەر وەکو تارماییەک بەسەر ئەم کتێبەوە دیارە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەی کە ئەم پیاوە لەجەنگێکی گەورەدا بووە لەگەڵ هیتلەر، بەڵام هانا بۆ درۆ یان زمانی جنێو قسەی ناشیرین  نابات، بەڵکە بە شێوازێکی ئاسایی باسی هیتلەر دەکات و رەخنەی لێدەگرێت. دیارە لەزۆر شوێندا باسی دەکات و  بەشێکی کتێبەکەشی بەناوی " ئەدۆلڤ هیتلەر" داناوە، تێیدا باسی ژیانی شەخسی و  سیاسی دەکات و هەروەها چۆن ئەم عەریفە نەمساوییە توانی، حوکمی ئەڵمانیا بکات، نووسەر بەپشت بەستن بەکۆمەڵێک زانیاری راست، باسی هیتلەر دەکات.  
بلیەمەتێکی ترسناکە کە هەرگیز هاوشێوەی لە مێژوودا نەبوو ، پڕ لە رق  و کینەی ژەهراوی بەدیار کەوت . ل؛ 23
هیتلەر کەسێکی ژیر و دانا بوو، دەیزانی سەرکەوتن بەو رێگەیە نایەتە دی و پێویستە مرۆڤ سەرکێشی بکات، ل98
لەهەمانکاتیشدا باس لە هەڵە سەربازییە گەورەکانی دەکات بەتایبەتی لە جەنگی ستالینگراد و تونس و نۆرماندیدا. لەگەڵ ئەوەشدا دان بە سەرکەوتنە سەربازییەکانی دەنێت.

رۆمڵ و مۆسۆلینی و رۆزڤێڵد
جگە لە هیتلەر چوار کەسایەتی تر ، پانتایی گەورە لە کتێبەکەی چڕچل  داگیردەکەن، کە ئەوانیش " ستالین و مۆسۆلینی و رۆمڵ و رۆزڤێڵد" بەگشتی زۆر بەباشی باسی رۆزڤێلد سەرۆکی ئەمریکا دەکات دیارە ئەم پیاوە رۆڵی سەرەکی هەبووە لە شکستپێهێنانی ئەڵمانیا، هەروەها زۆر کەسێکی   دەستکراوە بوو لەبەرامبەر هاوپەیمانان و روسیا،  گەر لەوکاتەدا   ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بوایە ، ئەوا بەشداری جەنگەکەی نەدەکرد  و مێژووی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی تر دەبوو.
زۆر بەخراپیش باسی مۆسۆلینی و ستالینیش  دەکات و وەکو دیکتاتۆر ناویان دەبات و  هیچ کاتێکیش بە باشە وەسفیان ناکات.
لەگەڵ ئەو هەموو رقەی نووسەر کە لە ئەڵمانەکان هەیەتی، بەڵام نووسەر بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی جەنەڕاڵ رۆمڵ دەکات، کە ناسراوترین جەنەڕاڵی سەربازی ئەڵمانیا بووە. لەکاتێکدا  ئەم پیاوە شکستی زۆر گەورەشی بەسەر  بەریتانیا هێناوە، بەڵام چرچل وەکو کەسێکی ئەکادیمی  باسی لە سەرکەوتنە سەربازییەکانی دەکات، جگەلەوەش باسی ژیانی شەخسی و سەربازی  دەکات و هیچ زمانێکی زبر و ناشیرین لەدژی بەکارناهێنێت.
کورد
بەداخەوە لەتەوەوای بیرەوەرییەکانیدا، بە دێرێکیش باسی کوردی نەکردووە، دیارە لەمەشدا نەبوونی کورد وەکو دەوڵەتێک رۆڵی هەبووە.


چەند سەرنجێک لەبارەی چرچڵەوە
لەگەڵ ئەوەی کە چرچڵ رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە جەنگی رزگارکردنی ئەوروپا لە چنگی فاشیست، بەڵام لەهەماناکتیشدا ئەم پیاوە کۆمەڵێک خاڵی زۆر نێگەتیفی هەبووە، بەتایبەتی لەرووی فکری و تێڕوانینی بۆ گەلانی جیهان.  لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی هەندێکیان بکەم
سەربەخۆیی گەلان
چرچڵ لەتەواوی کتێبەکەیەدا هەروەها لە تەواوی ژیانیشیدا ، هیچ بۆچوونێکی باشی بەرامبەر بە گەلانی غەیرە ئەوروپیی  نەبووە، بگرە بەپێچەوانەوە هەڵوێستی زۆر خراپی هەبووە. جێگەی ئاماژەیە  یەکەمین ئەرکی سەربازی چرچل لەگەڵ سوپای ئیسپانیا بووە دژی شۆرشی رزگاریخوازی گەلی کوبا لەسالی 1894 . هەروەها پێشتریش وەزیری کۆڵۆنیاکانی بەریتانیا بووەو هەموو کاتێکیش دژی سەربەخۆیی کۆڵۆنیاکانی بەریتانیا بووە بەتایبەتی هیندستان. ئەمەش خاڵێکە کەهەموو کاتێک وەکو لایەنی نێگەتیف لە ژیانی ئەم پیاوەدا دادەنرێت.
جێگەی ئاماژەیە چرچڵ هەڵوێستی خراپیشی بەرامبەر بە گەلی کورد هەبووە، داوایکردووە کە چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژیی لە دژی گەلی کورد وئەفغانی بەکاربهێنرێت.
دژایەتیکردنی کۆمۆنیزم
دژایەتیکردنی فکری کۆمۆنیستیش، سیمایەکی تری ئەم پیاوە بووەو لەتەواوی وێتسگەکانی ژیانیدا، دژی فکری کۆمۆنیستی بووە.  زۆرجاریش کەوتۆتە هەڵوێستی خراپەوە، بۆ نموونە لەکاتی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا، کە جەنگێکی ماڵوێرانی بووە، لەو کاتەدا حکومەتی بەریتانیا هەڵوێستی " بێلایەنی " هەڵبژارد بوو، لەوکاتەدا بەرەی فاشیستی فرانکۆ هەبوو لەگەڵ بەرەی کۆمارییەکان و چەپەکان. لەمبارەیەوە چرچڵ دەڵێت:
راستیەکەی من هاوخەمی شیوعییەکان نەبووم، بۆیە دەمزانی حکومەتی بەریتانیا سەربازی هەڵە زۆرەکانی، بەبێلایەنی لەو کێشەیە هەلە نەبوو. ل 84
لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت:
فاشیەت تەنیا سێبەری شیوعیەتە  یان لەسەر هەمان بنجی گیای ئەواندا رواوە.
لەکاتی باسکردن و سەرکەوتنی ستالینگرادا دەڵێت:
بەمەش هەوڵی داگیرکردنی روسیا بەزۆری و لەناوبردنی شیوعیەت، بۆئەوەی جۆرێکی تر لە حوکمکردنی لە روسیادا بێتە جێگەی، لەناوچوو، هەرچەندە ستەمکاری ئەوان " مەبەستی سۆڤێتە" لە نازیەت کەمتر نەبوو. ل 372
دیارە شوبهاندنی نازیەت و  کۆمۆنیزم بە یەک ، چ لەرووی و فکری و  سیاسییشەوە، هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە بەلای کەمەوە کۆمۆنیزم فەلسەفەیەکە داوای مرۆڤدۆستیی و مرۆیی دەکات، بەڵام نازیەت و فاشیزم داوای لەناوبردنی مرۆڤەکان دەکەن و باوەڕی بە باڵابوونی رەگەزێک بەسەر رەگەزێکی تری مرۆییەوە هەیە.

شكستهێنان لە سەپاندنی  ئاشتی  لە ئەوروپا و جیهان
هەرچەندە چرچڵ توانی سەرکەوتن  لە جەنگی دووەمی جیهاندا تۆماربکات، بەڵام نەیتوانی سیاسەتێکی ئاشتیخوازی لە ئەوروپا و جیهان بسەپێنێت، لەکاتێکدا ئەم پیاوە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە نەخشەی جیهان لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.
چرچڵ خۆی دان بەم راستییەدا دەنێت  و دەڵێت:
ئەوەی مایەی داخی هەموومانە سەرباری ئەو هەموو هەوڵ و سەرکەوتنانەی سەدان کەس، کە مرۆڤایەتی لەسەر مەسەلەی دادپەروەری قووربانی بۆ داوە، ئێمەی نەگەیاندە کەناری ئاشتی و تا ئێستاش هەڕەشە و ترسمان لەسەرە ، بەڵام من ئاواتەخوازم بیرکردنەوەمان لە رابردوو ، وامان لێبکات چۆن کاربکەین و لە داهاتوودا، نەوەی داهاتووش هەڵەی ساڵانی رابردوو راست بکەنەوەو کاربکەن بۆ هێنانەدی داپەروەری  مرۆڤایەتی . ل 18
ئەوەی جێگەی سەرنجە چرچڵ رەخنە لە نەوەکانی پێش خۆی دەگرێت کە نەیانتوانییەوە ئاشتی جێبەجێبکەن و دەڵێت:
خەونی هەرە گەورەی هەموان ، دوای جەنگی یەکەمی جیهان ، بریتی بوو : لەسەپاندنی ئاشتی بەسەر سەرجەم جیهان، کە کارێکی ئاسان بوو بۆ گەلانی دونیا ، چونکە هەموو لایەک باوەڕی بە حوکمی  لۆژیک و  بیرکردنەوەی راست و دروست هەبوو، فەرەنساش یەک ملیۆن و نیو قوربانی لە جەنگی یەکەمی جیهان داوە. ل 21
پارادۆکس لەوەدایە چرچڵیش لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی نەیتوانی  خەونی ئاشتی هەمیشەیی لە ئەوروپا و جیهان بهێنێتە دی.

چەند سەرنجێک لەبارەی  وەرگێڕانەکەوە
دیارە دووبارە دەستخۆشی لە خاتوو شاناز دەکەم بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە باشە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کتێبە وەکو هەموو دەقێکی نووسراوە لەهەڵە و کەموکورتی بەدەر نییە . لێرەدا پێمخۆشە چەند سەرنجێکی خۆم بخەمە روو، هیوادارم بەدڵێکی فراوانەوە  وەریبگرێت.
سەرەتا دەبوایە سەرچاوەی ئەم کتێبە بنووسرایە کە وەرگێر لێی وەرگرتووە، هەروەها  لە چ زمانێکیشەوە کردوویەتی بەکوردی، ئەمەش ئەتەکێتی هەموو وەرگێرێکە چونکە دەبێت بزانین لە چ کتێبێکەوە وەریگێڕاوە.
لە زۆر شوێنیشدا هەڵەی گەورە دەبینم بەتایبەتی لەبەکارهێنانی ناوی شار و وڵات و جۆری چەکو تەقەمەنییەکان . بۆ نموونە لە لاپەڕە 71 دا دەڵێت:
 بەسەرە قەڵەمێکی هیتلەر ژمارەی سوپای ئەڵمانی گەیشتە حەوت هەزار کەس .
سەرەتا حەوت هەزار هەڵەیە، دڵنیام ژمارەکە لەوە زیاترە، هەروەها دەبێت لەکۆتایشدا بنووسێت سەرباز نەک کەس.
یان لە لاپەرە 187 باسی هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات  بۆ بەریتانیا و فەرەنسا و دەڵێت:
 لیستی یەکەم بریتی بوو لەناردنی چارەکە ملیۆنێک کڵاشینکۆف و هەر کڵاشینکۆفێکیش 250 گوولە لەگەڵدا بوو.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە  کڵاشینکۆف چەکێکی روسییە و هیچ کاتێک سووپای ئەمریکا  کڵاشینکۆفی بەکارنەهێناوە. هەروەها چەکی کڵاشینکۆف لەساڵی 1947 دا یەکەم ئەزمونی بۆکراوەو ساڵی 1952 بەتەواوەی دەستکرا بە بەرهەمهێنانی و خرایە  خزمەتی سوپای روسیاوە. بەداخەوە نووسەر لەزۆر شوێندا باسی چەکی كڵاشینکۆف دەکات، لەکاتێکدا ئەو چەکە لە جەنگی دووەمی جیهاندا لە هیچ شوێنێک بەکارنەهاتووە.  جگە لەوەش باسی ساڵەکەی نەنووسیوە ، کەی ئەمریکا ئەو چەکانەی ناردووە.
هەروەها لە زۆر شوێندا بازدان بەسەر باسەکان هەیە بۆ نموونە لەلاپەڕە 372 باسی جەنگی ستالینگراد دەکات، یەکسەر لەپاش پەرەگرافی یەکەم، دەچێتە باکووری ئەفریقا و باسی جەنگەکانی رۆمڵ دەکات. لە زۆرشوێندا تێکەڵاوی لە باسەکان هەیە، جا نازانم ئەم هەڵەیە  لە نووسەر خۆیەتی یان لە وەرگێڕی یەکەم و دووەم.
لەلایەکی ترەوە زۆر جار ساڵەکان نانووسێت ، بۆ نموونە لەزۆربەی باسەکانی بەتایبەتی جەنگە گەورەکانی وەکو "نۆرماندی، دەنکێر، رۆما، یان رزگارکردنی ئەوروپا"، لە دەقەکەدا ساڵەکە نەنووسراوە، تۆ دەبێت خۆت بگەڕێیتەوە بۆ لاپەڕەکانی پێشتر یان دواتر، ئەمەش دووبارە نازانم هەڵەی نووسەرە یان وەرگێڕەکان.
لەلایەکی ترەوە ئەم کتێبە سێ پێشەکی هەیە، یەکەمیان هی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی دووەم نازانین هی کێیە،  سێهەمیش هی چرچڵ خۆیەتی. دەبوایە ناوی نووسەری دووەمیش بنووسرایە.
دوا قسە
دیارە ئەم کتێبە چ لە رووی مێژوویی  و چ لە رووی ئەدەبیشەوە، گرنگیی زۆری هەیە،  هەروەها بابەتی زۆریش لەم کتێبەدا  باسکراوە، کە بەداخەوە لێرەدا  بوار نەبوو ئاماژە بە هەموویان بکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم تەواوی بابەتەکانی ئەم کتێبە هەمووی گرنگن و مایەی بایەخی جیهانن.
لێرەدا دووبارە دەستخۆشی لە خاتوو شاناز دەکەم، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە باشە و هیوای سەرکەوتنی  بۆ دەخوازم.


سەرچاوە:
وینستۆن چرچڵ. یادشتەکانی ویسنتۆن چرچل. وەرگێرانی : شاناز رەمزی هیرانی . بلاوکراوەکانی خانەی چاپ و  پەخشی رێنما . چاپی یەکەم، ساڵی 2016


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×