فارس عیسا: یەكشەممە هەرێم و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی ئیمزا دەكەن
  2019-11-28       1885       

فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا رایگەیاند، رۆژی یەكشەممەی داهاتو هەرێم و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجەوە ئیمزا دەكەن، دواتریش لیژنەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا رێككەوتنەكە لە بودجەدا جێگیردەكەن و دەیدەنە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانیش هەر هەفتەی داهاتو بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكەن بۆ پەسەندكردن.

ئاوێنە: فارس عیسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند، بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتو وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە ئیمزا بكەن.

وتوشیەتی"دواتر لیژنەی هاوبەشی حكوومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتنەكە لەناو بودجە جێگیر بكەن و سیاغەی بودجە دەكرێت و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت."

عیسا وتیشی، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە، هەمان هەفتە رەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ پەسەندكردن.

بەپێی قسەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا، ئەمجارە ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بە رێژە نابێت و مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن.

وتیشی"هەوڵ دەدەین كە لە بودجەی سیادی و حاكیمەش پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و هەرێمی كوردستانیش رۆژانە 250هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×