میر حسێن موسەوی: لەكوشتاری "مەیدانی ژاڵە"دا شا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بو، ئەمڕۆ وەلی فەقیە
  2019-11-30       2143       

میر حسێنی موسەوی لەپەیامێكدا سەركوت كردنی ناڕەزاییەكانی ئەم دواییەی ئێران بە"تاوانێكی ئاشكرا" ناودەباو لەگەڵ كوشتاری ناڕازیەكانی مەیدانی ژاڵەی تاران لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی 1978دا دژ بەرژێمی شا بەراوردی دەکات.


ئاوێنە: میر حسێنی موسەوی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری ئێران‌و دیارترین سەركردەی بزوتنەوەی ناڕەزایی ناسراو بە"جنبشی سەوز"ە، كە ساڵی 2009 لەدژی ئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران‌و هەڵبژاردنەوەی ئەحمەی نەژاد سەریهەڵدا، بەتوندی رەخنە لەسەركوتكردنی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكانی ئەمدواییەی ئێران دەگرێت‌و لەپەیامێكدا دەڵێت "مرۆڤكوژانی ساڵی 1978 نوێنەرانی رژێمێكی سیكولار بون‌و كاربەدەستان‌و تەقەكەرانی مانگی ئابانی 2019 نوێنەارنی حكومەتێكی ئایینی، ئەوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان شا بو، ئەمڕۆ وەلی فەقیە خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە".

 دەشڵێت "پێویستە كاربەدەستانی حكومەت سەرنج لەئاقیبەتی كوشتاری مەیدانی ژاڵە بدەن".

میر حسێنی موسەوی كە ماوەی 9 ساڵە لەماڵەكەی خۆیدا لەگەڵ هاوسەرەكەی دەستبەسەرە، كوشتاری ئەمدواییەی خۆپیشاندەرانی ئێران هاوشێوەی ئەو كوشتارە دەبینێت كە بوە هۆی پەرەگرتنی شۆڕشی ئێران دژ بەرژێمی شا‌و روخاندنی.

رۆژی 17ی شەهریوەری ساڵی 1978 خۆپیشاندانێك لەمەیدانی ژاڵە ئەنجامدراو سەربازانی رژێمی شا تەقەیان لەخۆپیشاندەران كردو بونە مایەی كوشتنی دەیان خۆپیشاندەر. زۆرێك لەمێژونوسان ئەو رۆژە كە بە"هەیینی رەش" ناسرا، بەخاڵی وەرچەرخان ناودەبەن لەتەشەنەسەندنی شۆڕشی ئێراندا دژ بەرژێمی شا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×