"ئەمساڵ ٤١ حاڵەتی توشبون بەئایدز لەهەرێمی کوردستان تۆمار کراوە"
  2019-12-01       1443       

ئا: ئاوێنە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، تەنها لەمساڵدا ٤١ حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی ئایدز تۆمارکراوەو لەو ژمارەیەش ٣٩ توشبو بیانین و دوانیشیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن.

رۆژی یەکشەممە لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبونی وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان رۆژی جیھانی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی ئایدز بەڕێوەچو. لەمیانی بەڕێوەچونی رێوسمەکە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، ٤١ حاڵەتی تۆمارکردنی نەخۆشییەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاشكراشیكرد کە لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنها دو کەسیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و ئەوانی دیکە بیانین.

سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی"ساڵانە ھەرێمی کوردستان بەشداری لە ھەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەدا دەکات و ھەمو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارن لە بەرێوەبردنی ئەو ھەڵمەتە کە تیایدا چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت."

وەزیری تەندروستی وتیشی"لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان ٣٥٠ ھەزار پشکنینی خوێن بۆ ھاوڵاتییان ئەنجامدراوەو تیایدا ٤١ حاڵەتی توشبونی تازە بە ڤایرۆسی ئایدز تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەش ٣٩ کەس بیانین و دو کەسیش هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن."

جەختی لەوەشکردەوە کە سەنتەرەکانی وەرگرتنی خوێن، تالاسیماو پشکنینەکانی تاقیگەی گشتی بەشداری لەوەرگرتنی نمونەی خوێندا دەکەن بۆ پشکنینی ئەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان.

ئایدز نەخۆشییەکە دەبێتە ھۆی دابەزینی توانای کۆئەندامی بەرگری لەش کە بەھۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی-یەوە توشی مرۆڤ دەبێت، ئەم نەخۆشییە بەھۆی سێکس و گواستنەوەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە.

بەپێی ئامارەکان تا ساڵی ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستان ٣٢ حاڵەت تۆمارکرابون و پار ساڵیش بەهۆی بونی ئەم نەخۆشییە ٢٣ هاوڵاتیی بیانی رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەوەو ئەمساڵیش ٤١ حاڵەت تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەش دو هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و ئەوانی دیکە بیانین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×