رزگار عەلی: پێدەچێت كۆنگرەی یەكێتی تەنها چەند رۆژێك دوابكەوێت
  2019-12-02       1260       

رزگار عەلی، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی رایگەیاند، ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە حەتمیەو هیچ تەفسیرێك هەڵناگرێ، لەگەڵ ئەوەش دەڵێت، بەهۆی كاتەوە پێدەچێت تەنها چەند رۆژێك لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوا بكەوێت بەڵام سەرجەم ئەندام و كادیرانی یەكێتی دڵنیادەكاتەوە كە بە كۆنگرەیەكی "سەركەوتوەوە دەچنە ساڵی نوێوە."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكە، ئەمڕۆ دوشەمممە 2/12/2019 هەڤاڵانی سكرتارییەت و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بەمەبەستی دوپاتكردنەوەی پشتیوانی و دەستخۆشی لە پرۆسەی بەڕێوەچونی كۆنفرانسی كۆمیتە و مەكتەبەكان و كارەكانی دەزگای هەڵبژاردن سەردانی رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەكەیان كرد.

رزگار عەلی لەبارەی كارەكانیان بۆ كۆنگرەی چوارەم وتی، قۆناغی یەكەم كۆنفرانسی كۆمیتەكان و دواتریش مەكتەبەكان بەشێوەیەكی شەفاف و دیموكراسی زۆر بەسەركەوتویی بەرێوەچو.

ئەوەشی خستەڕو: بەپێی ئەو بەرنامەی كە دامانڕشتوە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان لەكاتی بڕیارلێدراودا ئەنجام دەدرێت كە پرۆسەیەكی گرنگ و زیاتر لە چوار هەزار كەس دەنگدەرو یەك هەزارو 438 كەسیش كاندیدە و هەمو رێكارەكانمان گرتوەتە بەر كە پرۆسەكە بەو پەری شەفافیەتەوە بەڕێوەبچێت.

لەبارەی هەندێك هەواڵ كە باس لە دواخستنی كۆنگرە دەكەن، رزگار عەلی وتی: بەستن و نەبەستنی كۆنگرە كۆتایی هاتوە و ئەنجامدانی كۆنگرە حەتمیە و هیچ تەفسیرێك هەڵناگرێ، بەڵام بەهۆی كاتەوە پێدەچێت تەنها چەند رۆژێك لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت و سەرجەم ئەندام و كادیرانی یەكێتی دڵنیادەكەینەوە كە بە كۆنگرەیەكی سەركەوتوەوە دەچینە ساڵی نوێوە.

لای خۆیەوە زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی، راشیگەیاند، هەڵوێستی ئەنجومەنی ناوەندی هەڵوێستی خەمخۆران و دڵسۆزانی یەكێتیە و پشتبەستو بە جەماوەر و كادیران و پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسیی و كەمئەندامانی سەنگەر و رێكحستنە دێرینەكان و هەمو دەزگا و ئۆرگانەكان پێداگری و دڵنیایی دەدەین لە چەند رۆژی داهاتودا دوابەدوای كۆنفرانسی مەڵبەندەكان كۆنگرەی چوارەم ئەنجام دەدەین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×