سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سه‌باره‌ت به به‌یاننامه‌كه‌ی
وه‌زاره‌تی ناوخۆی بۆ داماڵینی چه‌ك رایگه‌یاند؛ راسته ئه‌و به‌یانه هه‌ندێك كه‌موكورتی
تێدایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت؛ موڵه‌تداركردنی ده‌مانچه‌و كڵاشینكۆف هه‌نگاوێكی
باشه، چونكه زیاتر له له‌سه‌دا 80ی تاوانه‌كان به چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ئه‌نجام
دراون.
ئاوێنه: زیا پترۆس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی
مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی
به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌باره‌ت به داماڵینی چه‌كی قورس و مامناوه‌ند،
رایگه‌یاند"تەمەنام دەکرد وەزیری ناوخۆ لە ناو بڕیارەکەی لیژنەیەکی پیکهێنایە
لەهەمو پارێزگا‌و قەزاو شار‌و شارۆچکەکان خێرا بچونایه لەو شوێن و دوکانانە کە چەک بەئاشکرا
دەفرۆشرێت لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان مەفرەزەیەکی هاوبەش پێکهێنرابایه بچونایه ئه‌مانه‌یان
دابخستایه، تاکو کڕین و فرۆشتنی ئەو چەکانە بخرێتە ژێر سەرپەرشتی ئاسایش."
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌تا كه خەڵک ئێستا سەرنجی لەسەر
ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ هەیە کە بڕیاریان داوە بە داماڵێنی گشت چەک جگە لە دەمانجە
و کلاشینکۆف، دەمانجەو کڵاشینکۆف تاوانی گەورەی پێ دەکرێت؟ زیا پترۆس وتویه‌تی"بڕیارەکە دەڵێت
داماڵینی هەمو چەک جگە لە دەمانجە و کلاشینکۆف به‌شێوه‌یه‌كی خێرا، واته ئه‌و
جۆره چه‌كه ئێستا نابێت بمێنێت بەهیچ شێوەیەک. بەشی دوەم دەڵێت پێدانی ماوەی شەش
مانگ بۆ ئەوانەی کە هەڵگری کڵاشینکۆف و دەمانچەن یان ئەوەیە بیفروشن یا تەسلیمی بکەن
یان سەردانی پارێزگا و قەزا و ناحیە بکەن کە ئەم چەکەی هەیانە بیکەن بە موڵەتدار، پاش تەواوبونی شەش مانگ هێزەکانی ناوخۆ بۆیان هەیە
کاتێک چەکی بێموڵەت دەمانجە یان کلاشنکۆف لای هەر یەکێک ببینن سزا دەدرێت و سزاکەشی
گرتوخانەیە."
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا كه خەڵکێکی زور ئێستا دەمانجە و کلاشینکۆفی پێیە
ئەمانە ئەگەرموڵەتیان پێ بدرێت پێتان وانیە دیسان کێشە و تاوانی زۆری بەدواوە بێت وەکو
ئەوەی لەسەر شتی بچوک بچوک لە هەولێر کە ئێمە دەبینین خەڵک دەکوژرێت و تاوانی گەورە
ڕودەدەن؟ ئه‌و وتویه‌تی"لەوباوەڕەدام ئەوانەی کە کڵاشینکۆف و دەمانچەیان
پێیه‌و وەزارەتی ناوخۆ داوای کردوە وەرن موڵەت وەربگرن، موڵەت ئەوەندە بە ئاسانی نادرێت
چونکە پێش ئەو ماوەیە زۆر قسەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کردوە و فشارمان خستوتە سەری
و ئەوانیش بەڵێنیان داوە، ئێستا ئەو مەرجانەی کە دانراون بۆ پێدانی موڵەتی بەکارهێنانی
چەک زۆر قورس كراون بەڵام هێشتاش زور کەموکورتی تێدایە و چاوەڕێی پەرلەمانین بۆ ئەوەی
دابنیشێت هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە و مەرجەکانی قورس‌تر بێت، ئەمە هەنگاوێکی باشە کە
ئەمانە ببن بە موڵەت چونکە هەر کابرایەک کە دەزانێت چەکەکەی تۆمارکراوە لای حکومەت
کاتێک موڵەتی وەرگرتوەو ژمارەکەشی داناوە زیاتر بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم چەکە
دەکات، بەپێی بەدواداچونمان و بەپێی ئەو تاوانەی کە ئەنجامدراوە بە بەکارهێنانی چەک
زیاتر لە سه‌دا 80 بۆ 85ی ئه‌و تاوانانه به چه‌كی بێ مۆڵه‌ت
ئەنجامدراون."
زیا پترۆس له‌دڕێژه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه بە ئاشکرا لە سنورەکانی
تورکیا و ئێرانه چەکی قاچاغ دەفرۆشرێت، پێشنیاری ئەوەم هەبوە لە جیاتی ئەوەی ئەو چەکەی
کە بە قاچاغ دێت و بدرێتە دەستی هاوڵاتی سادە و مەدەنی با هێزەکانی ناوخۆ کۆنترۆڵی
ئەو ئیشە بکەن و سیستمێكی بۆ دابنێن.
وتوشیه‌تی"ناکرێت بەم شێوە سادەیە تەقەمەنی و چەک وا
لەوێ دانراوە بڕۆ هەر وەکو ئەوەیە چون پێویستت بە کاڵایەکە بۆ ماڵ ئاوا دەچیت چەکیش
دەکڕیت هەر وەکو پێویستیەکە بۆ ماڵ دەبیت هێزی ئاسایش ئەم دیاردەیە نەهێڵن ، نەک مەفرەزەیەک
لە هێزی ناوخۆ بۆ هەفتەیەک یان دە ڕۆژ بچنە لای قاوەخانە و کافتریا و هەندێک خەڵکانی
سادە و ئەوانەی کە پابەندن ئەزیەت بدەن بە پشکنین."
وتوشیه‌تی" پێویستە وەزارەتی ناوخۆ ڕێنماییەکانی توندتر
بێت بە بەردەوامی ئەو مەفرەزانە بونی هەبێت ، هەروەها ئیلزامی شوینە گشتیەکان بکرێت
چی خواردنگەیە چی کافتریایە قاوەخانەکانی گەنجان و بار و شوێنی خواردن و بە تایبەتی
شوێنی مەیفرۆشتن دەمەقاڵیەک دروست دەبێت هەر لەگەڵ برادەری خۆی لە سەر یەک مێز هەر
یەکسەر دەمانجە دەردێت و تەقە دەکرێت و دەبێتە ئەنجامدانی تاوان ئەمانە ئیشی ئاسایش
و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆیە ئەوانە دەبێت بە بەردەوامی نەک هەڵمەتەک بۆ هەفتەیەک یان
دە ڕۆژ ئیتر وازی لێبینن ئەمەهەڵەیە، زۆربەی ئەوانەی شوفێری تەکسین چەکدارن ئەو گەنجانەی
کەوا ئوتومبێلیان هەیە حەڤدە و هەژدە ساڵن هەمویان چەکدارن هەموی کلاشینکۆفیان هەیە."
زیا پترۆس ئاشكرشكیردوه كه ڕۆژ نیە حاڵەتێکی کوشتن رونه‌دات
گەیشتونەتە قۆناغێك باوک کوڕی خۆیی دەکوژێت، کوڕ باوکی خۆی دەکوژێت، برا خوشکی خۆی
دەکوژێت، ڕێژەکە زورە، وەکو سەرۆکی دەستە یەک حاڵەت هەبێت لای من زۆرە، بۆ مرۆڤ بکوژرێت.