كەناڵی مەیادین: سێ فڕۆكەی ئیماڕاتی بەبارە چەكەوە گەیشتنە هەولێر
  2019-12-04       3726       

ئا: ئاوێنە

 

كەناڵی "مەیادین"، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەزاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردەوە سێ فڕۆكەی ئیماراتی بەبارە چەكەوە گەیشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەبێ ئاگاداری بەغدا، ئەوەش دوای سەردانەكەی رۆژی یەكشەممەی رابردوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ئیمارات.

 

كەناڵەكە لەزاری ئەو سەرچاوانەوە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو چەكەی لەڕێگەی سێ فڕۆكەكەوە گەیەندراوەتە هەرێمی كوردستان، نازانرێت بۆ هەرێمی كوردستانە  یاخود بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)یە.

هاوكات سەرچاوەكان سەبارەت بە هۆكاری شاراوەی پشت ناردنی ئەو چەكانەوە پرسیویانە كە ئەگەر ناردنی ئەو چەكانە بۆ هەرێمی كوردستان بێت بۆچی بەبێ ئاگاداری بەغدا بوە؟ وتوشیانە"ئایا ئامادەكاریی بۆ قۆناغێكی پێكدادان دەكرێت؟"

رۆژی یەكشەممەی رابردو نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، لەسەر داواى فەرمی  شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینى ئەبوزەبى، جێگرى فەرماندەى باڵاى هێزە چەکدارەکانى ئیمارات و سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاپەڕاندنى ئیمارەتى ئەبوزەبى، بۆ به‌شداريكردن له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشبڕكێى خه‌ڵاتى ئيمارات بۆ فڕۆكه‌وانيى گه‌وره‌ى فۆرمولا يه‌ك سەردانی ئەبوزەبی-یان كرد.

دوێنێش(سێشەممە) لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە ئەحمەد ئەلزاهری كونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەكگرتوی عەرەبی لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر سڵاوی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی بە بارزانی گەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.

بەپێی نوسینگەی مەسعود بارزانی، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتوی عەرەبی تەوەری تری ئەو كۆبونەوەكەی نێوانیان بوە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×