"كۆبونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دواده‌كه‌وێت"
  2019-02-11       1317       

سه‌رتیب جه‌وهه‌ر، نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسی نزیك له‌یه‌كێتی پێی وایه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی رۆژی 18ی شوبات دواده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا بكرێت، یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك پرس له‌خۆده‌گرێت به‌ڵام پارتی ده‌یه‌وێت ئه‌و بابه‌تانه‌ بۆ كاتێكی دیكه‌ دوابخات.

ئاوێنه‌: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری خۆی له‌فه‌یسبوك، ئاشكرایكردوه‌"دوێنێ جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێی فوئاد حوسێن-ەوە عادل عەبدولمەهد-یان ئاگاداركردۆتەوە كە رازی نین وەزارەتی داد-ی عیراقی بدرێت بە كاندیدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەم هەنگاوەی پارتی لەكاتێكدایە بڕیارە 18 ئەم مانگە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان وەك هەنگاوی یەكەم بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت! ئەمەش گرێیەكی گەوەرەی دیكە دەبێت لە گفتوگۆكانی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ئەگەری سەرنەگرتنی كۆبونەوەی 18ی مانگ (پێموایە زەحمەتە سەربگرێت) پەیوەندی بەو رێككەوتنەوەیە كە بڕیارە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بكرێت، یەكێتی پرۆژەی تایبەت بەخۆی هەیەو بەڕەسمیی بەپارتی راگەیەنراوە، پرسی پارێزگاری كەركوك پرسێكی لاوەكییە لەنێو پرۆژەكەی یەكێتیدا، ئەوەی دیكە پەیوەندی بە رادەستكردنی زانیاریی داهات و سامانی كوردستان و پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و سەرلەبەر هەڵوەشاندنەوەو بنیاتنانەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم و پرسی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ ئیدارەی خۆجێی پارێزگاكان و كۆمەڵێك پرسی دیكەیه‌ كە دواتر رەنگە ئاشكرابكرێن."

به‌پێی قسه‌ی سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر "شەفافكردنی نەوت و ئاگاداربون لە پارەو سامانی نەوت و سەرلەبەر هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و رێكخستنەوەی كۆمەڵێك پرس و بابەتی دیكە‌ كە لەئێستادا پارتی دەیەوێت دوایانبخات بۆ كاتێكی دیكە. یەكێتیش سورە لەسەر ئەوەی بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمان، بۆ دەستنیشانكردنی پارێزگاری كەركوك یەكلایی بوبێتەوەو ئەو پرسانەی دیكەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی كۆنكریتی ئیمزای لەسەربكرێت."

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌"ئەوەی لەم دو رۆژە لەلای هەندێك رۆژنامەنوس و پەرلەمانتاری پارتی باسكراوە، تەواو دورە لەراستی، پرسی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی تائێستا بابەتی سەرەكی گفتوگۆكان نەبوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×