ئێسپەر: نزیکەی 600 سەربازی ئەمەریکی لە سوریا ماون
  2019-12-05       644       

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی ئەمەریکا کشانەوەی سەربازی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا تەواو کردووە و ئێستا نزیکەی 600 سەربازی ئەمەریکی لە سەرتاسەری سوریادا ماون.

ئاوێنه‌: ئەم لێدوانەی ئێسپەر ئاماژە بە کۆتای هاتنی ئەو نادیارییانە دەدات سەبارەت بە بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە سوریا دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی 10 دا ڕایگەیاند هێزەکانیان لە سەدا 40 لە سوریا کەم دەکەنەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا بەپێی پێویست هێز ڕەوانەی سوریا دەکەین و دەیانکشێنینەوە، وتیشی ئەو هێزەی دەمێنێتەوە ژمارەیان 600 سەرباز دەبێت.

دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە لەندەن، مارک ئێسپەر وتی ” ئەم ژمارەیە جێگیر دەبێت. بەڵام ئەگەر ببینین شتێک ڕوودەدات ئەوا دەتوانین تۆزێک ئەو ژمارەیە زیاد بکەین.”

ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر هاوپەیمانانی ئەمەریکا بتوانن بەشدار بن لە ئەرکەکان لە سوریادا ئەوا دەتوانن هێزەکانیان کەمتر بکەنەوە.

هەروەها وتی ''ئەگەر وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بتوانن 50 سەربازمان بۆ بنێرن ئەوا ئێمە دەتوانین 50 سەرباز لە هێزەکانمان بکشێنینەوە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×