روداو: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاتنی چەك بۆ كوردستان رەتدەكاتەوە
  2019-12-05       1182       

كەناڵی روداو دەڵێت، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ فڕۆکەیەکی هەڵگری چەک لە ئیماراتەوە هاتبێتە هەولێرو رایدەگەیێنێت"هەواڵەکە تەواو دروستکراو و بێ بنەمایە و لە هەمو راستییەکەوە دورە."

ئاوێنە: كەناڵی روداو، نزیك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەزاری سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە بڵاویكردۆتەوە"هیچ راستى و بنەمایەک بۆ ئەو هەواڵە نییە کە چەند رۆژێکە لە هەندێ کەناڵ و سایتى عەرەبى بڵاوبوەتەوە و هەندێ لە ماڵپەڕە کوردییەکانیش گواستویانەتەوە، گوایە دواى سەردانى بەڕێزان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، سێ فڕۆکەى بارهەڵگر چەکیان هێناوەو لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر نیشتونەتەوە".

 سەرچاوەکە دووپاتیکردۆتەوە کە "هەواڵەکە تەواو دروستکراو و بێ بنەمایە و لە هەمو راستییەکەوە دورە."

دوێنێ چوارشەممە، كەناڵی "مەیادین"، لەزاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردبوەوە كە سێ فڕۆكەی ئیماراتی بەبارە چەكەوە گەیشتونەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەبێ ئاگاداری بەغدا، ئەوەش دوای سەردانەكەی رۆژی یەكشەممەی رابردوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ئیمارات.

كەناڵەكە لەزاری ئەو سەرچاوانەوە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو چەكەی لەڕێگەی سێ فڕۆكەكەوە گەیەندراوەتە هەرێمی كوردستان، نازانرێت بۆ هەرێمی كوردستانە  یاخود بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)یە.

رۆژی یەكشەممەی رابردو نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، لەسەر داواى فەرمی  شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینى ئەبوزەبى، جێگرى فەرماندەى باڵاى هێزە چەکدارەکانى ئیمارات و سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاپەڕاندنى ئیمارەتى ئەبوزەبى، بۆ به‌شداريكردن له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشبڕكێى خه‌ڵاتى ئيمارات بۆ فڕۆكه‌وانيى گه‌وره‌ى فۆرمولا يه‌ك سەردانی ئەبوزەبی-یان كرد.

رۆژی سێشەممەش لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە ئەحمەد ئەلزاهری كونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەكگرتوی عەرەبی لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر سڵاوی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی بە بارزانی گەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.

بەپێی نوسینگەی مەسعود بارزانی، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتوی عەرەبی تەوەری تری ئەو كۆبونەوەكەی نێوانیان بوە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×