پیلۆسی فەرمانی بە لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەران دا كە پڕۆژەی لێپێچینەوە لە ترەمپ ئامادە بكەن
  2019-12-05       1223       

نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، فەرمانی بە لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەران داوە كە پڕۆژەی لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئامادەبكەن لە پەیوەست بە هەوڵەكانی ترەمپ بۆ گوشارخستنە سەر ئۆكرانیا بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە دژبە چالاكییەكانی ركابەرێكی سیاسی خۆی.

ئاوێنە: بەپێی رۆیتەرز، پیلۆسی لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە"راستییەكان هیچ گومانێك هەڵناگرن. سەرۆك دەسەڵاتەكانی قۆستۆتەوە بۆ بەرژەوەندیی سیاسی خۆی لەسەر حسابی ئاسایشی نیشتمانی."

وتیشی"بەداخەوە بەڵام بەوپەڕی متمانەو خاكەڕاییەوە...ئەمڕۆ داوا لە سەرۆكی لیژنەكە دەكەم هەنگاو بنێت بۆ ئامادەكردنی بەندەكانی لێپێچینەوە." ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سەرۆكی لیژنەی دادوەریی لەئەنجومەنی نوێنەران.

لێدوانەكانی پیلۆسی دوای رۆژێك لە كۆبونەوەی لیژنەی دادوەریی دێت كە تێیدا ژمارەیەك لە شارەزایانی یاسای دەستوریی، كە لەلایەن ئەندامە دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بانگهێشتكرابون، رایانگەیاند، ترەمپ بەشداریی لەچەند كردەوەیەكدا كردوە كە بەپێی دەستور پێویست بە لێپێچینەوەی دەكات. بەڵام شارەزایەكی دیكە كە لەلایەن كۆمارییەكانەوە بانگهێشتركرابو، رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكانی لێپێچینەوە كە دیموكراتەكان ئاڕاستەی دەكەن، بەخێرایی ئەنجام دراون و پڕن لە هەڵە.

لەكاردانەوە بەرامبەر بە لێدوانەكانی پیلۆسی-دا، ترەمپ لە تویتەر نوسی"كۆمارییەكان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر یەكگرتون و سەردەكەوین."

هەروەها لەبەرامبەر لێدوانەكانی پیلۆسی-دا، هەر ئەمڕۆ وتەبێژی كۆشكی سپی، ستیڤانی گریشام لە تویتەر رایگەیاند، پێویست پیلۆسی و ئەندامە دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هەست بە "شەرمەزاری بكەن...دۆناڵد ترەمپ هیچ شتێكی ئەنجام نەداوە جگە لە ئاڕاستەكردنی وڵاتەكەمان بەرەو ئابورییەكی گەشەسەندو و رەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر و بەهێزكردنی سوپا."



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×