پشكی كورد لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دیاریكرا
  2019-12-06       826       

بەپێی یاسای نوێی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە شەوی رابردو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا، پشكی كورد لە كۆمسیۆنەكە دو ئەندام دەبێت.

ئاوێنە: شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق لەدانیشتنی خۆیدا یاسای نوێی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.

بەپێی یاسا نوێیەكە ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە نۆ كەس پێكدێن كە حەوتیان دادوەرو دوانیان ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت دەبن.

پشكی كورد لە كۆمسیۆنەكە بەگوێرەی یاسا نوێیەكە دو كەس دەبێت.

محەمەد حەلبوسی، دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی شەوی رابردوی پەرلەمان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی یاسای نوێی كۆمسیۆنەكە پێكدێن لەو دادوەرانەی خاوەنی ئەزمونن و لەدادوەرە پلە یەكەكانن.

وتیشی"دانانی ئەو دادوەرانە لەڕیگەی تیروپشكەوە دەبێت ئەوەش بۆ گەرەنتیكردنی شەفافیەت" لە پڕۆسەكەدا.

بەپێی قسەی سەرۆكی پەرلەمان، یاسا نوێیەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتاییهاتنی كۆمسیۆنی ئێستاو گواستنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆمسیۆنەكە و بەخشینیان لەخۆدەگرێت.

جەختیشی كردەوە كە هەفتەی داهاتو كۆبونەوەكانیان بەردەوام دەبن بۆ پەسەندكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان و وتی"بەڕوی گەلدا ناوەستینەوەو بەرژەوەندییەكانی بەسەر بەرژەوەندی حزبەكاندا سەردەخەین"و "هەفتەی داهاتو دەنگ لەسەر یاسای  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×