حاكم شێخ لەتیف: ئەو دو دادوەرە كوردەی بۆ كۆمسیۆن دادەنرێن یەكێكیان پارتی و ئەویتریان یەكێتی دەبێت
  2019-12-06       2199       

حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشوی كورد لەپەرلەمانی عێراق بەدوری دەزانێت ئەو كۆمسیۆنە نوێیەی هەڵبژاردن كە بڕیارە لەسەر بنەمای یاسا نوێیەكەی كۆمسیۆن دروست بكرێت و ئەندامەكانی لە دادوەران پێك بێن، بتوانێت كۆمسیۆنێكی بێلایەن و سەربەخۆ بێت چونكە وەك ئەو دەڵێت، دەزگای دادوەری سەربەخۆ نییە.

ئاوێنە: شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق یاسای نوێی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی پەسەندكردو بەپێی قسەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی یاسای نوێی كۆمسیۆنەكە پێكدێن لەو دادوەرانەی خاوەنی ئەزمونن و لە دەستەی یەكەمی دادوەرانن و وتیشی"دانانی ئەو دادوەرانە لەڕیگەی تیروپشكەوە دەبێت ئەوەش بۆ گەرەنتیكردنی شەفافیەت" لە پڕۆسەكەدا.

هەروەك بەپێی یاسا نوێیەكە ئەندامانی كۆمسیۆنە نوێ لە حەوت كەس پێكدێن كە پشكی كورد تێیدا دو كەسە.

لەوبارەیەوە حاكم شێخ لەتیف لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"لە پەیمانی ئاشتەوایی «حودەیبیە» لەنێوان قوڕەیش و موسوڵمانەکان، پەیامبەرنوسی: لە محەمەد نێردراوی خواوە. نوێنەری قورەیش ڕازی نەبو و وتی: جا ئێمە ناکۆکیەکەمان لەگەڵتان لەسەر ئەوەیە ئەگەر ڕازی بوینایە کە تۆ نێردراوی خوای ھیچ کێشەیەکمان نەدەبو، ئەوە بو کردی بە: لە محەمەدی کوڕی عەبدوڵاوە."

حاكم شێخ لەتیف ئەوەشی نوسیوە"پەرلەمانی عێراقیش بەحیسابی خۆی کۆمسیۆن سەربەخۆ دەکات دەڵێ: پێکدێن لەدادوەران و راوێژکارانی ئەنجومەنی شورا و لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە کاندید دەکرێن، بەمەش کۆمسیۆنەکە بەحسابی ئەوان سەربەخۆو بێلایەن دەبێ."

ئەوەشی خستۆتەڕو"وەک نوێنەری قورەیش بە پەیامبەریان وت، بە پەرلەمان دەڵێین: ئێوە واتان داناوە کە دادوەریی سەربەخۆیە (کە پێویست بو وابێ) بەڵام ھەموان دەزانن کە بەھیچ شێوەیەک سەربەخۆ نییەو ئەگەر دادگا سەربەخۆ بوایە ئەسڵەن كێشەمان نەدەبو حاڵمان نەدەگەیشتە ئەمڕۆژە. ئەزمونی دوا ھەڵبژاردنەکانیشمان لەبەرچاوە کە دادوەران سەرپەرشتیان کردو سەرەڕای ناڕەزایی زۆر بەڵام دەرئەنجامەکان بەویستی حیزبە گەورەکان وەک خۆیان ھاتنەوە."

جەختیشی كردۆتەوە"دەشبینن ئەو دو دادوەرەی کە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم دادەنرێن چۆن یەکێکیان پارتی دەبێت و ئەوی تریش یەکێتی."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"بۆیە خۆھەڵخەڵەتاندنە ئەوەی پێی وابێ ئەم کۆمسێۆنە دەتوانێ سەربەخۆیی و بێلایەنی و نەزاھەی ھەڵبژاردن بپارێزێ لەداھاتوش دەیبینین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×