وردەكاری دەستگیركردنی ئەندامێكی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لەلایەن سوپای عێراقەوە
  2019-12-06       959       

ئەندامێکی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەلایەن سوپای عیراقەوە دەستگیرکرا، ئەوەش لەسەر سکاڵای ژمارەی خێزانی عەرەب.

ئاوێنە، كەركوك ناو: ئەو ئەندامەی یەکێتی محەمەد ئیبراھیم، ناسراو بە ئەبو ھاوڕێ، ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ژمارەی خێزانی عەرەب بوە بە ناکۆکییان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی مەنسور لەناوچەی حەفتەغار لە سنوری قەزای داقوق.

محەمەد ئیبراھیم کە ئەنجومەنی ئەو گوندەیە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لەلایەن سوپاو بەبڕیاری دادوەر ھەر لەو گوندە دەستگیرکراو رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی داقوق کرا.

محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی مەڵبەندی دوی كەركوكی یەكێتی بە "كەركوك ناو" راگەیاند، زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر شەڕێك لەنێوان جوتیارانی گوندەكەماندا لەناوچەی حەفتەغار و ئەو عەرەبە هاوردانەدا رویدا كاتێك ئێمە خەریكی كێڵانی زەوییە كشتوكاڵییەكان بوین، عەرەبەكان هێرشیان كردە سەرمان و منیش وەك ئەنجومەنی گوندەكە هێزەكانی سوپای عێراقم لەوە ئاگاداركردەوەو ئەوانیش لای خۆیانەوە هەستان بە دەستگیركردنی بەشێك لەوانەی هێرشیان كردۆتە سەرمان، چونكە ئەوان چەكیان پێبو و تەقەیان كرد.

محەمەد ئیبراهیم، ئێوارەی دوێنێ لەسەر بنەمای سكاڵایەكی جوتیارە عەرەبەكان لەدژی و بەپێی ماددەی 413ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركرا.

بەپێی ئەو ماددەیە هەر كەسێك بەمەبەست دەستدرێژی بكاتە سەر كەسێكی دیكە بە برینداركردن و لێدان یاخود بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەری یاخود هەر كردەوەیەكی دیكەی پێچەوانەی یاسا كە ببێتە هۆی ئازاردانی یاخود نەخۆشخستنی ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە یەك ساڵ زیاتر نەبێت و هەروەها بە غەرامەكردنی بە زیاتر لە 100 دینار یاخود بە یەكێك لەو سزایانە.

محەمەد ئیبراهیم رایگەیاند، دوای دەستگیركردنم لەلایەن سوپای عێراقەوە رادەستی هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆ لە داقوق كرام، دوای ئەوەی چومە بەردەم دادوەر، بە كەفالەت ئازادكرام تاوەكو یەكلاكردنەوەی كەیسەكە.

ئەو ئەندامەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هاوكات دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ پێنج جوتیاری دیكەی كوردی خەڵكی گوندی مەنسور دەركردوەو دوان لەوانەی شەوی رابردو خۆیان رادەستی پۆلیس كردوەو بە كەفالەت ئازادكراون.

كێشەی موڵكداریی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای كەركوك جارێكی دیكە سەری هەڵدایەوە ئەوەش دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە تێیدا هێزەكانی پێشمەرگە لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە كشانەوەو هێزە عێراقییەكان لەو ناوچانە جێگیربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×