ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی بەغدا بەرزبوەوە
  2019-12-07       1371       

شەوی رابردو لە بەغدا، چەكدارانی نەناسراو بە دەموچاوی دەمامكدارەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەوەو لە گۆڕەپانی خەلانی لەنزیك پردی سەنك لە بەغدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد. بەپێی میدیا عێراقییەكان لەئەنجامی ئەو كردەوەیە زیاتر لە 20 كەس كوژراون و زیاتر لە 120 كەسیش بریندار بون.

ئاوێنە: بەپێی قسەی شایەتحاڵان و چالاكوانان ئەو چەكدارە نەناسراوانە لەنێو ئۆتۆمبێلەكانیانەوە و لە نزیكەوە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردوە لەگۆڕەپانی خەلانی لە نزیك پردی سەنگ لە بەغدای پایتەخت.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان لەو كردەوەیەدا 21 كەس كوژراون و 123ی دیكەش برینداربون.

چالاكوانان باسیان لەوە كردوە بەر لەوەی ئەو چەكدارە نەناسراوانە دەست بە هێرشەكەیان بكەن، كارەبای گۆڕەپانی خەلانی بڕاوە.

خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەكانیان تۆمەتبار كردوە بەوەی كە چاوپۆشیان لەهێرشەكە كردوەو دەرفەتیان بە هێرشبەرەكان داوە ئازادانە بچنە ناوچەكەو دواتر لێی بچنە دەرەوە.

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ هۆشداریدابو لە تێكچونی دۆخی ئەمنی لە بەغداو داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردبو بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵسن و ئارامی بۆ گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بگێڕنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×