پارتی دیموكراتی كوردستان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبنەوە
  2019-02-12       402       


بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبنەوە.


ئاوێنە: چاوەروان دەكرێت ئەمرۆ "سێ‌ شەممە" شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێر سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی بكات، بەپێی زانیارییەكانیان تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكەیان گفتوگۆكردنە لەبارەی شێوازی بەشداری كردنی لایەنەكان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.


پێشتریش میدیای فەرمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ وه‌فدی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و پارتی‌ دیموكرات له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا گفتوكۆ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند و گرنگی یه‌كڕیزی ناوخۆیی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌كانی‌ كورد.

هاوكات تاوتوێی هه‌وڵدانی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ باشتركردنی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك ‌و وه‌لانانی‌ ناكۆكی سیاسی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی‌دا ده‌كرێت.


كۆبونه‌كه‌ی‌  نێوان كۆمه‌ڵ و پارتی‌، دوای سه‌ردانی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوی وه‌فدی باڵای پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دێت بۆ لای كۆمه‌ڵی ئیسلامی و قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان.


هەروەها كۆبونەوەكە لەكاتێكدایە تا ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی خۆی یەكلا نەكردوەتەوە لەوەی بەشداری لەحكومەت دەكات یاخود دەبێتە لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن‌و بەرپرسانی ئەو حزبە باس لەوە دەكات بۆ بریاردان پێویستیان بە بەرچاو رۆشنی هەیە بە تایبەت لەسەر كارنامەی حكومەتی نوێ‌.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×