بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا داوا لەعادل عەبدولمەهدی دەكەن لێپێچنەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران بكات
  2019-12-08       777       

باڵیۆزانی بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا داوا لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق دەكەن، گەرەنتی پاراستنی خۆپیشاندەران بكات و دەست بە لێكۆڵینەوەی پێویست و بەپەلەو لێپێچینەوە لە سەرجەم ئەو كەسانە بكات كە بەرپرسن لە كوشتنی خۆپیشاندەران و بڕیاری دورخستنەوەی گروپەكانی حەشدی شەعبیش لە شوێنی خۆپیشاندانەكان جێبەجێ بكات.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەك كە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لەبەغدا لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، باڵیۆزانی ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە چاویان بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوتوە.

لەبەیاننامەكەدا هاتوە"باڵیۆزانی هەر سێ وڵات ئیدانەی كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی عێراقیان لەسەرەتای تشرینی یەكەكەوە كرد لەنێویشیاندا كوژرانی 25 خۆپیشاندەر لە بەغدا رۆژی هەینی رابردو."

هەروەها بەگوێرەی بەیاننامەكە، باڵیۆزانی هەر سێ وڵات داوایان لە سەرۆك وەزیران كردوە، بەپێی ئەوەی كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە تا ئەو كەسانەی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ ئەو پۆستە وەردەگرێت، گەرەنتی پاراستنی خۆپیشاندەران بكات و دەست بە لێكۆڵینەوەی پێویست و بەپەلە بكات لەگەڵ لێپێچینەوە لەو كەسانەی بەرپرسن لە كردەوەكانی كوشتن.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، هەر سێ باڵیۆز جەخت كردۆتەوە كە رێگە بە هیچ گروپێكی چەكدار نەدرێت لەدەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت كار بكات و هانی حكومەتی عێراقیشیاندا گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بكات كە بەم دواییانە دەرچوەو فەرمان بە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەدات دوربكەونەوە لەو شوێنانەی ناڕەزایەتییەكانی لێ بەڕێوەدەچن و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەوانە بكرێت كە پێشێلی ئەم بڕیارە دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×