"لە کەرکوک پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە بەرزبونەوەی بەردەوامدان"
  2019-12-09       625       

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، لەشاری کەرکوک پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە بەرزبونەوەی بەردەوامدان و ئیدارەی شارەکەو هێزو گروپە چەکدارەکانی کەرکوک تۆمەتباردەكات بەوەی كە بەبەرنامە ئەو کارانە دژبە رۆژنامەنوسان بەدیاریکراویش دژبە رۆژنامەنوسانی کورد دەکەن. داواش لە لایەنە بەرپرسەکانی شاری کەرکوک دەکات ئەو پێشیڵکارایانە رابگرن.

ئاوێنە: لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا باسی لە خراپی بارودۆخی رۆژنامەنوسان لەشاری کەرکوک كردوەو وتویەتی"لەشاری کەرکوک پێشێلکاریەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە بەرزبونەوەی بەردەوامدان."

لیژنەكە ئەوەشی خستۆتەڕو"ماوەیەکە پارێزگای کەرکوک بەدۆخێکی سیاسی نائارام‌و پڕ کێشەدا تێدەپەڕێ، ڕێژەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەبەرزبونەوەدایە‌و گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار."

بەپێویستیشی زانیوە سەندیکای رۆژنامەنوسان‌و حکومەتی عیراق‌و هەرێمی کوردستان‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوەستەی جدی لەسەر ئەو دۆخە بکەن.

لیژنەكە، ئەو پرسەی بە "پرسێکی هەستیارو نائاسایی‌و مەترسیدار" زانیوەو وتوشیەتی "پێمان وایە ئیدارەی شارەکەو هێزو گروپە چەکدارەکانی کەرکوک بەبەرنامەو بەمەبەست ئەو کارانە دژ بە رۆژنامەنوسان بەدیاریکراویش دژ بە رۆژنامەنوسانی کورد دەکەن‌و کەشێکی هێندە ترسناکیان دروستکردوە کە رۆژنامەنوسان ناتوانن کاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن، لەوبارەوە چەندین جۆری پێشیلکاری لەهەڕەشەو سوکایەتی‌و ڕێگریکردن لەکارەکانیان‌و ئازاردانی رۆژنامەنوسان لە لای لیژنەی داکۆکی تۆمار کراون."

هەروەها لیژنەكە داوای لەسەندیکای رۆژنامەنوسانی عێراق كردوە بەئەرکی پیشەییانەی خۆیان هەستن‌و داکۆکی لەرۆژنامەنوسانی شاری کەرکوک بکەن، هەروەها داواشی لە لایەنە بەرپرسەکانی شاری کەرکوک كردوە ئەو پێشیڵکارایانە رابگرن، لەهەمان کاتیش داوای لەحکومەتی هەرێمی کوردستان‌و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش كردوە کە لەخەمی رۆژنامەنوسانی پارێزگای کەرکوکدا بن‌و نەهێڵن چیتر رۆژنامەنوسان‌و ئازادی رۆژنامەگەری لەو شارە پێشێل بکرێت.

دەقی بەیاننامەكە...

بەیاننامەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان بەبۆنەی خراپی بارودۆخی رۆژنامەنوسان لەشاری کەرکوک

لەشاری کەرکوک پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە

ئاشکرایە زۆربونی گرژی‌و ململانێ‌و نائارامی لەهەر شوێنکدا هەبێت، دەبێتە سەرچاوەی هەواڵ‌و خوڵقێنەری‌و روداوەکان، بێگومان ئەمانە بابەتگەلێکن پێویستیان بەڕوماڵ‌و بەدواداچونی رۆژنامەوانی زیاترە، لێرەشدا ئەرکی رۆژنامەنوسانە، کە کار بۆ دەستکەوتنی زانیاری بکەن‌و بەدوای هۆکارو ئاسەواری کێشەکاندا بگەڕێن ‌و راستی بابەتەکە بە خەڵک بگەیەنن، هەر بۆیەشە لەو جۆرە دۆخانەدا ژینگەی کاری رۆژنامەگەری دەبێتە مەترسی بۆ رۆژنامەنوسان‌و کاری رۆژنامەنوسی.

ماوەیەکە پارێزگای کەرکوک بەدۆخێکی سیاسی نائارام‌و پڕ کێشەدا تێدەپەڕێ، ڕێژەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەبەرزبونەوەدایە‌و گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، لەسەر سەندیکای رۆژنامەنوسان‌و حکومەتی عیراق‌و هەرێمی کوردستان‌و چ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە هەڵوەستەی جدی لەسەر بکەن، زەمینەیەکی لەبارو ئارام بۆ رۆژنامەنوسان فەراهەم بکەن‌و مەترسی لەسەر ژیانیان نەهێلن، چونکە رۆژنامەنوسانی کەرکوک سەرباری هەمو کێشەکانی دیکەیان، پشکی سەرەکی قوربانی‌و ناکۆکییە رەگەزی‌و حیزبی‌و سیاسیەکانیان بەردەکەوێت.

ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری‌و مافی رۆژنامەنوسانی کوردستان ئەم پرسە بەپرسێکی هەستیارو نائاسایی‌و مەترسیدار دەزانین، پێمان وایە ئیدارەی شارەکەو هێزو گروپە چەکدارەکانی کەرکوک بەبەرنامەو بەمەبەست ئەو کارانە دژ بە رۆژنامەنوسان بەدیاریکراویش دژ بە رۆژنامەنوسانی کورد دەکەن‌و کەشێکی هێندە ترسناکیان دروستکردوە کە رۆژنامەنوسان ناتوانن کاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن، لەوبارەوە چەندین جۆری پێشیلکاری لەهەڕەشەو سوکایەتی‌و ڕێگریکردن لەکارەکانیان‌و ئازاردانی رۆژنامەنوسان لە لای لیژنەی داکۆکی تۆمار کراون.

بۆیە ئێمە لەلیژنەی داکۆکی لەسەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، داوا لەسەندیکای رۆژنامەنوسانی عێراق دەکەین بەئەرکی پیشەییانەی خۆیان هەستن‌و داکۆکی لەرۆژنامەنوسانی شاری کەرکوک بکەن، هەروەها داوا لە لایەنە بەرپرسەکانی شاری کەرکوک دەکەین ئەو پێشیڵکارایانە رابگرن، لەهەمان کات داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان‌و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش دەکەین کە لەخەمی رۆژنامەنوسانی پارێزگای کەرکوکدا بن‌و نەهێڵن چیتر رۆژنامەنوسان‌و ئازادی رۆژنامەگەری لەو شارە پێشێل بکرێت.

   لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسانهەولێر ٨-١٢-٢٠١٩

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×