سەرۆك كۆمارو سەرۆك فراكسیۆنەكان جەخت لەیەكلاكردنەوەی سەرۆك وەزیرانی نوێ لەوادەی دیاریكراودا دەكەنەوە
  2019-12-09       611       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارو سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق جەخت لە پابەندبون بە وادە دەستورییەكانەوە دەكەنەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ دوشەممە، بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی كردوە لە ژمارەیەك لە سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق.

لەدیداری نێوانیان، سەرۆك كۆمارو سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵاتیان كردوەو جەختیان لەسەر گرنگی پابەندبون بە وادە دەستورییەكانەوە كردۆتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاتی عێراق.

هەروەك جەختیشیان لەوە كردۆتەوە كە پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كەسایەتییەكی نیشتمانی، لێوەشاوەو جێی رەزامەندی گەلی عێراق بێت و بتوانێت چاكسازی شایستە ئەنجام بدات و بەرپرسیارێتی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك بەگوێرەی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن بگرێتە ئەستۆ كە ئەو یاسایە گەرەنتی نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانەو ئیرادەی ئازادی گەلی عێراق بكات.

هەروەك لەكۆبونەوەكەدا جەخت لە رەتكردنەوەی توندوتیژی و روبەڕوبونەوەی ئەوانە كراوەتەوە كە لە یاسا دەرچون و ناڕەزایەتی ئاشتیانەو ئاسایشی گشتی دەكەنە ئامانج و جەختیش لەسەر دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانەو گوزارشت لە بۆچونەكان و پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازو ئاسایشی گشتی كرایەوە.

هەروەها كۆبونەوەكە ئەئكیدی لەسەر بەدواداچونی هێزە ئەمنییەكان كردۆتەوە بۆ پاراستنی چالاكوانان لە كردەوەكانی رفاندن و تۆقاندن كە چەتە تاوانكارەكان پێی هەڵدەستن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×