لەسەر هەڵوێستیان دەربارەی خۆپیشاندانەكان، عێراق بانگهێشتی باڵیۆزانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو كەنەدای كرد
  2019-12-09       995       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵوێزانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو كەنەدا بانگهێشت دەكات ئەوەش لەسەر هەڵوێستەكانیان دەربارەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژبە خۆپیشاندەران. وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەركی باڵیۆزی وڵاتان لە بەغدا پتەوكردنی پەیوەندییەكان و دروستكردنی بنەمای بەرژەوەندییەكی هاوبەشە بەبێ دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆ.

ئاوێنە: شەوی هەینی رابردو  لە بەغدا، چەكدارانی نەناسراو بە دەموچاوی دەمامكدارەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەوەو لە گۆڕەپانی خەلانی لەنزیك پردی سنك لە بەغدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردو لەئەنجامی ئەو كردەوەیە زیاتر لە 20 كەس كوژران و زیاتر لە 120 كەسیش بریندار بون.

ئەو شەوەی خوێناوییەی بەغدا، كاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆ لێكەوتەوە. بەریتانیاو فەرەنسا و ئەڵمانیا رۆژی شەممە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد و داوایان كرد لێپێچینەوە لە بكەرانی ئەو روداوە بكرێت و هاوكات باڵیۆزی كەنەداش هەمان رۆژ داوای لەحكومەتی عێراق كرد لێپێچینەوە لە تاوانكاران بكات.

ئەمڕۆ دوشەممە، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بانگهێشتی برۆنۆ ئۆبیر باڵیۆزی فەرەنساو ستیڤن هیكی باڵیۆزی بەریتانیاو یوخن مۆلەر هەڵسوڕێنەری كارورباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای لەسەر بەیاننامە هاوبەشەكەیان و هەروەها بانگهێشتی باڵیۆزی كەنداشی لە بەغدا كردوە.

بەپێی بەیاننامەكەی ئەحمەد سەحاف، لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، عەبدولكەریم هاشم، بریكاری پێشكەوتوی وەزارەتی چاوی بەو باڵیۆزانە كەوتوەو پێی راگەیاندون، عێراق پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای كاراكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و روبەڕوبونەوەی مەترسییە هاوبەشەكان هەڵدەسەنگێنێت و لەسەر ئەو بنەمایەش رێزی لە پەیوەندی پتەو لەگەڵ زۆربەی وڵاتان گرتوەو رەچاو دەستوەرنەدانیشی لەكاروباری ناوخۆو پاراستنی سەروەری وڵات كردوە.

هەروەك بەپێی بەیاننامەكە بریكاری وەزارەتەكە بە باڵیۆزی ئەڵمانیاو فەرەنساو بەریتانیای راگەیاندوە كە وەزارەتەكەیان ناوەڕۆكی بەیاننامە هاوبەشەكەی ئەو سێ باڵیۆزخانەیە رەتدەكاتەوەو بە "دەستوەردانێكی رەتكراوە"ی دەزانێت لە كاروباری عێراق كە "پێشێلێكردنێكی ئاشكرای مادەی یەكی رێككەوتننامەی ڤییەنای تایبەت بە رێكخستنی پەیوەندییەكانی وڵاتانە."

رۆژی شەممە، باڵیۆزخانەكانی ئەڵمانیا، بەریتانیاو فەرەنسا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دوای دیدارێكی باڵیۆزی هەر سێ وڵات لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، رایانگەیاند كە ئیدانەی كوژرانی خۆپیشاندەران بەگشتی دەكەن لەنێویشیاندا كوژرانی خۆپیشاندەرانی شەوی هەینی رابردوی بەغدا.

هەروەها بەگوێرەی بەیاننامەكە، باڵیۆزانی هەر سێ وڵات داوایان لە سەرۆك وەزیران كردوە، بەپێی ئەوەی كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە تا ئەو كەسانەی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ ئەو پۆستە وەردەگرێت، گەرەنتی پاراستنی خۆپیشاندەران بكات و دەست بە لێكۆڵینەوەی پێویست و بەپەلە بكات لەگەڵ لێپێچینەوە لەو كەسانەی بەرپرسن لە كردەوەكانی كوشتن.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، هەر سێ باڵیۆز جەختیان كردۆتەوە كە رێگە بە هیچ گروپێكی چەكدار نەدرێت لەدەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت كار بكات و هانی حكومەتی عێراقیشیاندا گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بكات كە بەم دواییانە دەرچوەو فەرمان بە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەدات دوربكەونەوە لەو شوێنانەی ناڕەزایەتییەكانی لێ بەڕێوەدەچن و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەوانە بكرێت كە پێشێلی ئەم بڕیارە دەكەن.

لەلای خۆیشییەوە هەر ئەو رۆژە باڵیۆزی كەنەدا لە تویتێكدا نوسیبوی، نابێت لە هیچ وڵاتێكی خاوەن سەروەریدا، دەوڵەت رێگەبدات بە بونی گروپی چەكداریی خاوەن ئەجێندای تایبەت و داواشی لە دەسەڵاتداران كردجبو بەرپرسیارێتی خۆیان لە لێپێچینەوە لەو تاوانبارانەی هێرشیان كردۆتە سەر خۆپیشاندەران بەجێبهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×