خەزعەلی: خۆپیشاندانەكانی سبەینێی بەغدا زۆترین كوژراوی لێدەكەوێتەوە
  2019-12-09       1432       

لەگەڵ بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی چەند ملیۆنی لە بەغدا بەبەشداریی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق دەڵێت، روداوەكانی سبەی سێشەممەی بەغدا، پلانێكی هەواڵگریان لەپشتە ئەگەری هەیە زۆترین كوژراوی لێ بكەوێتەوە.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق سەربە حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەوتەیەكدا رایگەیاند كە زانیارییان هەیە پلانێكی هەواڵگری هەیە كە ژمارەیەكی زۆر لایەن دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو پلانەوە سبەی ئاژاوە پشێوی لە بەغدا دروست بكەن.

بەقسەی خەزعەلی، هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوەو لە یەكی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە سەرنجەكە لەسەر بەغدا بوە نەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق چونكە "چونكە دەزانن و زانیشیان كە بەغدا سەقامگیرەو دۆخی ئەمنیی تێیدا كۆنترۆڵكراوەو روداوەكانی پارێزگاكانی دیكە نابنە هۆی وێرانكردنی وڵات مادام پایتەخت بەهێزە."

خەزعەلی سەبارەت بەو بانگەوازانەی دەكرێن بۆ خۆپیشاندانی چەند ملیۆنی لە بەغدا بۆ سبەینێ، وتی"پلانەكەیان بۆ سبەی 10ی 12 ئەوەیە كە دەیانەوێت پشێوییەكە بگوازنەوە بۆ ناو بەغداو بۆئەوەی دۆخی ئەمنی بەغدا تێكبدەن و زۆرترین كوژراو و برینداری لێبكەوێتەوەو دامەزراوەكانی دەوڵەت بسوتێنرێن و بانكی ناوەندی ببڕدرێت."

ئاماژەی بەوەشدا كە "دەكرێت هەندێك گەنج بە نیازی پاكەوە كەوتبنە ژێر كاریگەری ئەو بانگەوازانەوە، ئەم قسانەی ئێمە بۆ ئەو گەنجانە نییە، ئێمە برای ئەوانین، ئەوان دەمانناسن و ئێمەیان تاقیكردۆتەوە. ئێمە پێشتریش سەبارەت بە روداوەكانی مانگی تشرینی یەكەم هۆشداریمان دابو، ئێستاش سەبارەت بە روداوەكانی سبەی هۆشداریان دەدەینێ، ئەوە روداوێكی قێزەونەو ئامانج لێی نانەوەی ئاژاوەیەكی گەورەیە لە بەغدا، زۆرترین كوژراو و گەورەترین وێرانكاریی و گەورەترین تاڵانی لێدەكەوێتەوە."

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق وتی"بۆچی رۆژی 10ی12 بۆ ئەمە هەڵبژێردراوە، چونكە 10ی 12 رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤە. ئەوانە دەیانەوێت ئاژاوەو پشێوی ئەمنی دروست بكەن لەپێناو ناردنی پەیامێك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆئەوەی بڵێن؛ سەیری ئەو كوشتارو برینداریی و وێرانییە بكەن كە لەو وڵاتە رویداوەو بەرپرسیارێتی ئەوەش بخەنە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×