ئەمڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە شاری بەغداد ئەنجام دەدرێت
  2019-12-10       580       

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە شاری بەغداد ئەنجام بدرێت و لەبەرامبەردا، هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندیان لەسەرتاسەری شارەكە گرتووەتەبەر

ئاوێنه‌:  لە شەوی رابردووە سەدان خۆپیشاندەر لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق روویان لە شاری بەغداد كردووە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە خۆپیشاندانی ملیۆنی کە چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان ئەنجام بدرێت.

 لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندیان لەسەرتاسەری شاری بەغداد گرتووەتەبەر و لەوبارەوە ئەفسەر لە پۆلیسی شارەكە، نەقیب ئەحمەد خەڵەف وتی، ''لە شەوی رابردووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداد رێوشوێنی ئەمنی توندی لەسەرتاسەری شارەكە گرتووەتەبەر بەتایبەتیش لە نزیك گۆڕەپانەكانی تەحریر و خەلانی و ناوچەكانی دەورووبەریان''.

ئەحمەد خەڵەف باسی لەوەیشكرد كە هێزێكی زۆری ئەمنی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغداد بڵاوكراونەتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە خۆپیشاندەران نەدەن بچنە ناوچەكە كە باڵەخانەكانی حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران و نێردە دیپلۆماتییەکان لەخۆدەگرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە لە دوێنێ‌ دووشەممەوە چالاكوانان و خۆپیشاندەران ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە گەورەترین خۆپیشاندان لە شاری بەغداد ئەنجام بدەن بەتایبەتیش كە لە شەوی رابردووە، ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر لە ناوچەكانی دیكەوە روویان لە شارەكە كردووە.

لەوبارەوە چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی بەغدا، بەناوی محەمەد ئیقبال وتی، ''ئەمڕۆ سێشەممە گەورەترین خۆپیشاندان دژبە گەندەڵكاران و بكوژانی خۆپیشاندەران لە بەغداد ئەنجام دەدرێت''.

محەمەد ئیقبال وتیشی، ''لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریردا گردبوونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە خۆپیشاندانی ملیۆنیدا''.

پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەغدادی پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیكەی ٤٨٥ كەس كوژراون و ١٧ هەزار كەسیش لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×