خالید شوانی: حکومەتی داهاتوی‌ عێراق پابه‌ند دەبێت بەرێککەوتنی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا
  2019-12-10       1221       
خالید شوانی
خالید شوانی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق ڕێككه‌وتنی‌ كردووه‌و ناگەڕێنەوە خاڵی سفر. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، حکومەتی داهاتوی‌ عێراق پابه‌ند دەبێت بەرێککەوتنه‌كه‌وه‌.

ئاوێنه‌: خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنیان کردووەو ناگەڕێنەوە خاڵی سفر، هەر حکومەتێکیش بێتە جێگەی، دەبێت پابەند بێت بەرێککەوتنەکەوە.

سەبارەت بەپرسی بودجەو دواین گۆڕانکارییەکان، ناوبراو وتی‌، ئەو دەنگۆیانە راست نییە کە باس لەوە دەکەن حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستا ناتوانێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات، بەڵکو دەتوانن ئەو کارە بکەن.

جەختی له‌وه‌شکردەوە كه‌ رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم‌و بەغدا هاوسەنگی تێدایەو لەبەرژەوەندی هەردولایە، بۆیە دەخوازن پڕۆژەکە بەزویی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ گفتوگۆکردن‌و پەسەندکردن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ شاندێکی حکومەت‌و لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان کۆبونەوە، خالید شوانی باسی لەناوەرۆکی کۆبونەوەکە کردو ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ لەکۆبونەوەکەدا باسیان لەهەنگاوی هاوبەشکردوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رۆژانە لەناوچە دابڕێنراوه‌كان رودەدەن.

ئه‌وه‌شی‌ وت، لیژنەیەکی باڵا لەنێوان حکومەتی هەرێم‌و بەغدا پێکهێنراوەو حکومەتی هەرێم پڕۆژەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوچە دابڕێندراوەکان خستوەتەڕو، ئەوەش لەرێگەی کاراکردنەوەی ماددەی 14و هەروەها ئاساییکردنەوەی دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، حکومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرەو هەر حکومەتێکی دیکەش پێکبهێندرێت، لەچوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکان، مادەی 140و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەپێشینەی کارەکانی دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×