دایكێك‌و دو منداڵی‌ كچى له‌ده‌ستی داعش رزگاركران
  2019-02-12       460       
ژماره‌یه‌ك كچ‌و ژنی‌ ئێزیدی‌، ئه‌رشیف

به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان له‌پارێزگای‌ دهۆك ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ دایكێك‌و دو منداڵی‌ كچی‌ له‌ده‌ستی  داعش رزگاركراون.

ئاوێنه‌: حوسێن قائیدی، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا،  رایگه‌یاند، ئه‌و دایكه‌و دو منداڵه‌كه‌ی چوار ساڵ پێش ئێستا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌گوندی حه‌ردانی باكوری سنجار رفێندراون‌و له‌ناو خاكی سوریا له‌ده‌ستی رێكخراوه‌كه‌ ئازادكران.

وتیشی‌، ئه‌و دایكه‌و كچه‌كانی به‌هه‌وڵێكی زۆری نوسینگه‌كه‌ له‌ناو خاكی سوریا ئازادكراون‌و به‌مزووانه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت.

حوسێن قائیدی رونیكرده‌وه‌ كه‌ دایكه‌كه‌ ناوی (مه‌هدیه‌ به‌شار حه‌سه‌ن)ه‌و ته‌مه‌نی‌ 25 ساڵه‌و كچه‌كانیشی ناویان (مینه‌ مه‌روان‌و ماری مه‌روان)ه‌.

دوێنێ دوشه‌ممه‌ش شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق رزگاركردنی شه‌ش ژنی رفێندراوی ئێزیدی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان له‌پارێزگای نه‌ینه‌وا راگه‌یاندو هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و رزگاركراوانه‌ راده‌ستی كه‌سوكاریان كراونه‌ته‌وه‌ له‌قه‌زای شه‌نگال.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×