فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان داوا دەكات موچەی خانەنشینی
تەواوی پلە باڵاكان و هەمو خانەنشینە نایاساییەكان نەمێنێت و هەر كەسێك خولی خۆی لەو
دامەزراوانەدا تەواو كرد بگەڕێتەوە سەر كارەكەی پێشتری.
ئاوێنە:
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا
سەبارەت بە موچەی خانەنشینی رایگەیاند"وێڕاى هەمو ئەو نەهامەتییانەى کە کابینە
یەک لەدواى یەکەکانى حکومەتى هەرێم لەڕوى ئابورییەوە بەسەر خەڵکى کوردستانیاندا هێنا،
هێشتا لەژێر پاساوى جۆراوجۆردا نایانەوێت تەواوى موچەى خانەنشینى پلە باڵاکان (سەرۆکى
هەرێم، سەرۆکى حکومەت، وەزیرەکان، سەرۆکایەتى پەرلەمان و پەرلەمانتاران، بریکارى وەزیر
و راوێژکار و ئەندامانى ئەنجومەنى دادوەرى، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و تەواوى پلە یەکەکان)
ببڕن و نەیهێڵن."
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەبەیاننامەكەیدا داوایكردوە
كە "موچەى خانەنشینى تەواوى پلە باڵاکان و هەمو خانەنشینە نایاساییەکان نەمێنێت
و هەر کەسێک خولى خۆى لەو دامەزراوانەدا تەواو کرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەى پێشترى."
ئەوەشی خستۆتەڕو كە "پاش گەیشتنى بەتەمەنى خانەنشین
بون، بەیاسایەکى خانەنشینى گشتیى خانەنشین بکرێت و جیاوازییەکى ئەوتۆى نەبێت لەگەڵ
خانەنشینانى تردا."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا
هاتوە"هەنگاوى یەکەم و گرنگ و راستەقینەى چاکسازى بەگێڕانەوەى ئەو پارە زۆرە
دەبێت بۆ بودجەى گشتیى، هەروەها خەرجکردنى لەو کەرتە خزمەتگوزارییانەدا کە پەیوەستن
بە ژیانى رۆژانەى هاوڵاتییانەوە."