سیستانی: بۆ سەقامگیری وڵات پێویستە هەرچی چەكە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت
  2019-12-13       678       

ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لەعێراق رایگەیاند، سەقامگیری وڵات و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی پەیوەستە بەوەوە كە هەرچی چەكە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت و رێگە بەبونی هیچ گروپێكی چەكداری لەدەرەوەی دەوڵەت و لەژێر هیچ ناو و ناونیشانێكدا نەدرێت.

ئاوێنە: سیستانی لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوێنەرەكەیەوە لە كەربەلا، ئەحمەد سافی لەمیانی وتاری ئەمڕۆ هەینیدا خوێنرایەوە، رایگەیاند، دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا، ئەمڕۆ شەڕێكی دیكەی چارەنوسساز لەبەردەم عێراقییەكاندا كە ئەویش شەڕی چاكسازی و كۆتاییهێنانە بە قۆناغێكی درێژی گەندەڵی و شكست لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

مەرجەعی باڵای شیعەكان لەعێراق جەختی كردۆتەوە گرتبەری شێوازی ئاشتیانە مەرجی بنەڕەتی سەركەوتنی عێراقییەكانە لەم شەڕەداو ئەوەش جێگەی گەشبینییە ئەوەیە كە زۆربەی ئەوانەی بەشدارن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێستای وڵاتدا لە ئەندازەی گرنگی بەئاشتی بەڕێوەچونی ناڕەزایەتییەكان تێدەگەن.

سیستانی وتوشیەتی، وێڕای ئەو هەمو خوێنە بەنرخەی بەناهەق رژاوە كە دوایینیان ئەوە بو كە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهێشكردنە سەر خۆپیشاندەران لەناوچەی سنك لەبەغدا رویدا كە تێیدا دەیان قوربانی لەخۆپیشاندەران لێكەوتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو روداوە پڕئازارەو ئەوەشی كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا روداوەكانی كوشتن و رفاندن دوبارەدەبنەوە، جەخت لەو داوایەی مەرجەعیەت دەكەنەوە كە پێویستە هەرچی چەكە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت و رێگە بە بونی هیچ گروپێكی چەكداری لەدەرەوەی دەوڵەت و لەژێر هیچ ناو و ناونیشانێكدا نەدرێت. وتوشیەتی"سەقامگیری وڵات و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی مەرجدارە بە جێبەجێكردنی ئەم كارەوە."

سیستانی لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا ئیدانەی روداوەكانی كوشتن و رفاندنی كردوە لەنێویشیاندا روداوەكەی دوێنێی گۆڕەپانی وەسبە و داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە ئەو كەسانە بدۆزنەوە كە بەو جۆرە تاوانانە هەڵدەستن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەن و هۆشداریشداوە سەبارەت بە لێكەوتەكانی دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە روداوانە كە كاریگەریان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات و هەروەها كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بە ئاشتی بەڕێوەچونی ناڕەزایەتییەكان دەبێت.

هەروەها سیستانی داواشی كردوە دادگای دادپەروەرانە مەرجەع بێت لە یەكلاكردنەوەی ئەو تاوانانەداو نابێت هیچ سزایەك تەنانەت بەسەر تاوانكاراندا بسەپێنرێت تەنها بەڕێگەی یاسایی نەبێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×