خۆپیشاندەرانی عێراق كاندیدكردنی "سودانی" بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رەتدەكەنەوە
  2019-12-14       932       

شەوی رابردو لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژبە هەواڵی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنی محەمەد شەیاغ سودانی بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، بەڕێوەچو. سودانی یەكێكە لە سەركردەكانی حزبی دەعوە، بەڵام دوێنێ هەینی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەو حزبە راگەیاند.

ئاوێنە: خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكانی شەوی رابردودا جەختیان كردەوە كە بە هەمو شێوەیەك كاندیدكردنی محەمەد شەیاع سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتدەكەنەوە.

لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندەران بەدەنگی بەرز هاواریان دەكرد كە كاندیدكردنی ناوبراو رەتدەكەنەوەو لەبەیاننامەیەكیشدا رایانگەیاند كە "گەل بەهەمو شێوەیەك هەر سەرۆك وەزیرانێك رەتدەكاتەوە كە لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە دیاری بكرێت. چونكە بژاردەكانی ئەوان هیچ شتێكی بۆ وڵات تێدا نەبو جگە لە وێرانكاریی و پشێوی."

بەیاننامەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە عێراق بێ بەش نییە لە بونی كەسانی خاوەن لێهاتویی و ئەزمون كە بتوانن بەرپرسیارێتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەخۆبگرن.

لە بابل خۆپیشاندەران شەوی رابردو رژانە سەر شەقامەكان دژ بە هەواڵی كاندیدكردنی سودانی و رایانگەیاند، ناوبراو ئەو تایبەتمەندانەی تێدا نییە كە ئەوان دەیانەوێت و هاواریان دەكرد"نەخێر نەخێر بۆ تۆقاندن. نەخێر نەخێر بۆ سودانی. بەڵێ بەڵێ بۆ عێراق."

لە بەسرەش هاوڵاتیانی ناڕازی رژانە سەر شەقامەكان و رایانگەیاند، كاندیدكردنی سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران "پوچەڵە."

دوێنێ هەینی، سودانی لە تویتێكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوەو كوتلەی دەوڵەتی یاسا راگەیاندو جەختیشی كردەوە كە ئەو "كاندیدی هیچ حزبێك نییە." وێڕای ئەوەش روبەڕوی رەخنەی چالاكوانان و خۆپیشاندەران بوەو كاندیدكردنیان رەتكردەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە تەنها سێ رۆژ لەبەردەم بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقدا ماوە بۆ ناونانی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی كە سەرەتای ئەم مانگە لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەكاندا دەستی لەكار كێشانەوەیەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×