شەرقولئەوسەت: دوشەممە سەرۆك كۆمار، "سودانی" بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران رادەسپێرێت
  2019-12-14       1438       

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، رۆژی دوشەممەی داهاتو بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، بەڕەسمی محەمەد شیاع سودانی رادەسپێرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق.

ئاوێنە: رۆژنامەی شەرقولئەوت لە ژمارەی ئەمڕۆ(شەممە)دا لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، لەنێو ئەو كەسانەی كە ناویان وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەهێنرا، لەدو رۆژی رابردودا كێبڕكێكە تەنها لەنێوان مستەفا كازمی، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەركردە لە حزبی دەعوەدا ماوەتەوە بەڵام لەئێستادا بەشێوەیەكی تاڕادەیەك كۆتایی كێبڕكێكە لەبەرژەوەندی محەمەد شیاع سودانی یەكلابۆتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكردوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی دوشەممەی داهاتو، كە دەكاتە رۆژێك بەر لە ماوەی دەستوری، بە مەرسومێكی كۆماریی، محەمەد شیاع سودانی رادەسپێرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن كوتلەی بونیادنانەوە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی سودانی كراوەو لەلایەن كوتلە شیعەكانی دیكەو سوننەو كوردیشەوە ناڕەزایەتی بەرامبەر دەرنەبڕدراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ هەینی، سودانی لە تویتێكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوەو كوتلەی دەوڵەتی یاسا راگەیاندو جەختیشی كردەوە كە ئەو "كاندیدی هیچ حزبێك نییە."

هەواڵی كاندیدكردنی سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لەجێی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، شەوی رابردو ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناو هاوڵاتیانی ناڕازی لە بەغداو چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق دژی كاندیدكردنی ناوبراو رژانە سەر شەقامەكان و رەتیان كردەوە كە سودانی ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بێت كە داخوازیی خۆپیشاندەرانەو وتیشیان"گەل بەهەمو شێوەیەك هەر سەرۆك وەزیرانێك رەتدەكاتەوە كە لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە دیاری بكرێت. چونكە بژاردەكانی ئەوان هیچ شتێكی بۆ وڵات تێدا نەبوە جگە لە وێرانكاریی و پشێوی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×