ئێران رەتیدەكاتەوە بەرپرسیار بێت لە هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق
  2019-12-14       873       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، ئەو تۆمەتانەی ئەمریكای بە "بێبنەما" ناوبردن كە تاران بە بەرپرسی هێرشەكانی ئەم دواییە دەزانێت بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق.

ئاوێنە: عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"تۆمەتباركردنی تاران بە هێرشەكانی سەر دامەزراوەكانی ئارامكۆ لەسعودیەو هەروەها هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، تەنها بانگەشەی بێبنەمان و ئەمریكییەكان دواتر تێدەگەن كە بەهەڵەدا چون."

موسەی ئاماژەی بەوەشداوە كە "تاران دەزانێت ئاسانترین كار بۆ ئەمریكا تۆمەتباركردنی ئێرانە."و وتیشی"راپۆرتەكەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان سەبارەت بە هێرشی سەر ئارامكۆ سەلماندی كە ئێران هیچ رۆڵێكی لەو هێرشەدا نەبوە، بەڵام واشنتۆن هەر لە ساتەكانی سەرەتای هێرشەكە تارانی تۆمەتباركرد، هیوادارین ئەمریكییەكان ئەو شەرمەزارییە قبوڵ بكەن كە سەبارەت بە هێرشەكانی عێراق هەروەك هێرشەكانی سەر ئارامكۆ، پێیان دەبڕێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی دوێنێ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ رایگەیاند، بەتوندی ئەو هێرشە ئیدانە دەكەین كە شوێنكەوتوانی ئێران لەم هەفتەیەدا ئەنجامیانداوەو بۆتە هۆی برینداربونی پێنج سەربازی عێراق لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا.

پۆمپیۆ وتبوشی"بۆ سەرانی ئێرن؛ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەتوندی وەڵامی دەبێت ئەگەر ئێران یاخود شوێنكەوتوانی هەوڵی زیان گەیاندن بە ئەمریكییەكان یاخود هاوبەشەكانمان لە عێراق بدەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×