مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری‌ كۆتایی ده‌دات لەسەر رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌
  2019-02-12       1376       
مەكتەبی سیاسی یەكێتی له‌سلێمانی‌

بریاره‌ سبه‌ینێ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاری‌ كۆتایی بدرێت لەسەر رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌، به‌وته‌ی‌ سەعدی ئەحمەد پیرەش، "ئەگەر تەنیا لەسەر یەك خاڵیش ناكۆك بین، رێككەوتنه‌كه‌ ناكرێت".

ئاوێنه‌: سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەمیدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگەیاندووه‌، سبەی چوارشه‌ممه‌، سەعات 11 كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی ئەنجامدەدرێت. لەكۆبونەوەكەدا تاوتوێی ئەو رێككەوتنە سیاسییە دەكرێت كە بڕیارە لەگەڵ پارتی واژۆ بكرێت.

ناوبراو ده‌ڵێت، "لەو كۆبونەوەیەدا دەردەكەوێت رێككەوتنە گەیشتۆتە كوێ، بەڵام ئەگەر تەنیا لەسەر یەك خاڵیش ناكۆك بین، رێككەوتن ناكرێت، بۆیە سبەینێ لەمەكتەبی سیاسی بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت".

له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ 5/2/2019ی‌ مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبه‌ش پێكهێنرا به‌مه‌به‌ستی‌ نوسینی رەشنوسی رێككەوتنێكی سیاسی 18 ماده‌یی نێوان هه‌ردو حزب، تاوەكو مەكتەبی سیاسی هەردولا واژۆی بكەن‌و بڕیاری لەسەر بدرێت.

خاڵی‌ ناکۆکی‌ نێوان پارتی‌‌و یەکێتی‌ کە تا ئێستا بۆتە رێگر لەواژوکردنی‌ رێککەوتنەکەیان، شوێنی‌ کۆبونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک‌و دانانی كەسێكه‌ بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

پارتی‌ داوا ده‌كات کۆبونەوەکە لەهەولێر ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام مه‌رجی‌ یەکێتی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت،  پێشنیازیش هەیە لەبری‌ ئەو دو پارێزگایە لەقەرەهەنجیر یان پردێ بەڕێوەبچێت.

لەلایەكی تریشەوە ناكۆكییە ناخۆییەكانی یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و پۆستەكانی تر، گرفتی یەكەمی بەردەم كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانن لەرۆژی 18ی ئەم مانگەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×