بەرهەم ساڵح داوا لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان بۆ دیاری بكەن
  2019-12-15       816       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بەڕەسمی داوا لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان دەكات بەمەبەستی راسپاردنی كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان بۆ دیاری بكەن.

ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ یەكشەممە 15/12/2019 لەڕێگەی نوسراوێكی رەسمییەوە داوای لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان كردوە كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان بۆ دیاری بكەن بەمەبەستی راسپاردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت.

نوسراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە بە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ماددەی "76/یەكەم"ی دەستور كە دەڵێت "سەرۆك كۆمار كاندیدی كوتلەی پەرلەمانی خاوەن زۆترین ژمارە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی 15 رۆژدا."

هەروەك لە نوسراوەكەدا هاتوە؛ بەمەبەستی راسپاردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیمان بۆ دیاری بكەن لەسەر بنەمای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆببنەوە بەمەبەستی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەجێی عادل عەبدولمەهدی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×