قوباد تاڵەبانی: رێگەنەدرێت هیچ رۆژنامەنوسێک لەدەرەوەی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت
  2019-12-15       979       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٣٥ی كاری رۆژنامەگەری کردەوەو رایگەیاند، چیتر رێگەنەدرێت هیچ رۆژنامەنوسێك لەدەرەوەی ئەو یاسایە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئە‌مڕۆ یە‌كشە‌ممە قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران بە‌ئامادە‌بونی وە‌زیری رۆشنبیری و لاوان لە‌ھە‌ولێر لە‌گە‌ڵ نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی و سە‌ندیكای رۆژنامە‌نوسان و سە‌نتە‌ری میترۆو شارە‌زاییانی بواری رۆژنامە‌گە‌ری، كۆبوەوە‌.

لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی رۆژنامەگەری و یاسای دەستخستنی زانیاری کردەوەو داوایکرد لەمەودوا دەبێت هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت لەنێوان دادگاکان و دەزگاکانی راگەیاندن، بۆئەوەی چیتر لە کوردستان هیچ رۆژنامەنوسێک دەستگیرنەکرێت، چونکە لە یاسای کاری رۆژنامەگەریدا هیچ ئاماژەیەک بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان نەدراوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ باوەڕی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەگەریی هەیە و شانازیش بە حکومەتێکەوە دەکات کە هیچ رۆژنامەنوسێکی بەندکراوی نەبێت.

جێگری سەرۆك وە‌زیران داواشیکرد ئەو رێنماییەی کە لە ماوەی رابردودا لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنوسان ئاڕاستەی دادگاکان کراوە کاراتر بکرێت و چیتر رێگەنەدرێت هیچ رۆژنامەنوسێک لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

دواتر ئامادە‌بوان سە‌رنج و تێبینی خۆیان خستە‌ڕو سە‌بارە‌ت بە‌ چۆنیە‌تی كاراتركردنی یاسای كاری رۆژنامە‌گە‌ری و بە‌ربە‌ستە‌كانی كاری رۆژنامە‌نوسان و گرنگی چارە‌سە‌ركردنییان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×