كۆمەڵی ئیسلامی: ‌ئاسایش سێ فه‌قه‌راتی ئەندامێكمانی شكاندوه‌ كه‌چی داوای یه‌كڕیزیمان لێده‌كه‌ن
  2019-12-15       1877       

محەمەد حەكیم، كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند، ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌ندامه‌كانمان ده‌ده‌ن و دواتریش داوای یه‌كڕیزیمان لێده‌كه‌ن. دەشڵێت؛ کۆمەڵێک مافیا دەستیان بەسەر ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستاندا گرتوە. جەختیشدەكاتەوە كە ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە لە شاری هەولێر ئەنستتیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆنفرانسێکی بەناونیشانی (کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا) بۆ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حزبه‌كانی هه‌رێم رێكخست.

موحەمەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی كه‌ به‌شداربویه‌كی كۆنفرانسه‌كه‌ بو"ئه‌ندامێكمان له‌ ئاسایش سێ فه‌قه‌راتی شكاندوه‌و دوجار له‌ناو ئاسایشدا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه‌."

وتیشی"ئه‌ندامه‌كانمان بانگی ئاسایش ده‌كرێن و داوای وێنه‌ی ماڵ و ره‌قه‌می سه‌یاره‌یان لێده‌كرێت، كه‌چی داوای یه‌كڕیزیمان لێده‌كه‌ن."

كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمەڵ لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی دۆخی عێراق ڕو لەهەرێم نەکات پێویسته‌ به‌جددی چاكسازیی ئه‌نجامبدرێت و  چیدی خۆڵ نه‌كرێته‌ چاوی خه‌ڵكی.

وتیشی: هەرێمی کوردستان دۆخی بەشێوەیەکە کە گۆڕانکارییەکانی عێراق کاریگەری لەسەری هەیە، گۆڕانکاری دەستوری، یاسای هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆن کاریگەری گەورەی لەسەر هەرێم دەبێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئەوەی ئێستا هەیە نەتیجەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لەخاکی عێراق.

بەرپرسەکەی کۆمەڵ وتیشی"پێمانوایە گۆڕانکاری جەزریمان پێویستە لەکوردستان ئەم حکومەت و کابینەیە زۆر باسی چاکسازی دەکات لە موچە و دەرماڵە، ئه‌وه‌ هەنگاوێکی بچوکەو نوقتەیەکە لەدەریایەک، بەدیدی ئێمە دەبێت چاکسازی لەنەوت و گاز و دەروازە سنورییەکان و وەبەرهێنانەوە دەستپێبکات".

موحەمەد حەکیم وتیشی "ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان، بەڵام لایەنە کوردستانیەکان بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن، هه‌ربۆیه‌ گەر بمانەوێت دۆخی عێراق ڕو لەهەرێم نەکات، ده‌بێت هەرێم چاکسازی بکات و خۆڵ نەکاتە چاوی خەڵک".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"ژێرخانی ئابورمان دابەشکراوەو کۆمەڵێک مافیا دەستیان بەسەرداگرتوە، چاکسازی دەبێت لەماڵ و منداڵ و کەسە نزیکەکانی خۆتەوە دەستپێبکەیت، دەوێرن دەست بۆ ئەوانە بەرن؟ زۆر گرنگە گەربوێرن؟"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×