وه‌زاره‌تی كاره‌با: هه‌مو رێوشوێنێكی یاسایی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی كاره‌با ده‌گرینه‌به‌ر
  2019-02-13       1238       

وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا هه‌مو رێوشوێنێكی یاسایی بگرێته‌به‌ر بۆ وه‌گرتنه‌وه‌ی هه‌مو قه‌رزه‌كانی كاره‌باو رێكخستنه‌وه‌ی داهاتی ئه‌و كه‌رته‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە دیوانی وەزارەتی كارەبا هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەتی كارەبا سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی فراوانی كرد.

لەو كۆبونەوەیەدا كە راوێژكارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و دابەشكردنی كارەباو بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبای پارێزگاكان ئامادەی بون، باس لە پرۆژەكانی كارەبا لە ساڵی 2018 و تەواوكردنیان لە ساڵی 2019و داهاتی كاره‌با كرا.

بریكاری وەزارەتی كارەبا وێڕای هەڵسەنگاندنی بەڕێوەچونی كارەكان داوای لە ئامادەبوان كرد رێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان بگرنەبەر تاوەكو بەباشترین شێوەو بەرزترین كوالێتی پڕۆژەكانی وەزارەت ئەنجام بدرێن.

هاوكات تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە هەمو تواناكان بەگەڕبخرێن لەپێناو وه‌رگرتنی كرێی كاره‌باو خەرجكردنی ئەو رێژەیەی كە لەداهاتی وەرگرتنی كرێی كارەبا دراوه‌ته‌وه‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با كه‌ ڕۆڵی له‌چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ دێته‌ به‌رده‌م دابه‌شكردنی كاره‌باو گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی بۆ هاوڵاتیان.

هەر لەم پێناوەدا لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا هه‌مو رێوشوێنێكی یاسایی بگیرێته‌به‌ر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌مو قه‌رزه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی داهاتی كاره‌با.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×