هێمن هەورامی: كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان لەسەدا سەد ئەنجام دەدرێت
  2019-02-14       1048       

هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان "لەسەدا سەد" ئەنجام دەدرێت. سەبارەت بەوەش كە یەكێتی ئەنجامدانی كۆبونەوەكەی گرێداوە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، هێمن هەورامی دەڵێت؛ جگە لە رێككەوتن یەكێتی و پارتی هیچ بەدیلێكی دیكەیان نییە.

ئاوێنە: هێمن هەورامی، كە هاوكات ئەندامی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"پێمانوایە مادام پارتی و یەكێتی رۆژی 5ی ئەم مانگە رێككەوتنێكیان ئیمزاكردوە كە سێ خاڵە، خاڵی یەكەمیان پەیوەستە بەوەی كە رێككەوتنێك لەنێوان هەردولادا بكرێت، رەشنوسەكان ئاڵوگۆڕكراون، خاڵی دوەمیش ئەوەیە كە وەك دو هێزی براوەی هەڵبژاردن رێككەوتوین كە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بۆیە ئێمە وەكو پارتی پابەندین بەوەی كۆبونەوەی پەرلەمان رۆژی 18ی مانگ و دەشبینن كە لەسەدا سەد ئەو كۆبونەوەیە ئەنجام دەدرێت."

سەبارەت بەوەی كە یەكێتی كۆبونەوەكەی پەرلەمانی كوردستانی بەستۆتەوە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتییەوە، هێمن هەورامی وتی"رێككەوتنەكە ئێمە پێمانخۆش ئەمڕۆ یان سبەی ئیمزا بكرێت، بەڵام بشكەوێتە دوای 18ی مانگ هەر ئیمزادەكرێت، ئێمەو یەكێتی هیچ بوارێك لەبەردەمدا نییە جگە لە رێككەوتن لەگەڵ یەكدی. بۆیە گەلی كوردستان دڵنیادەكەینەوە پارتی و یەكێتی دو هێزی گەورەی ئەم وڵاتەن و جگە لە رێككەوتن هیچ بەدیلێكی دیكەمان نییە."

سەبارەت بە پشكەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، وتی"ئێمە گەیشتوینەتە ئەوەی كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە، جێگری دوەمیش بۆ پێكهاتەی توركمانە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×