كۆبونەوەی پارتی و گۆڕان لە پیرمام دەستی پێكرد
  2019-02-14       1149       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لە پیرمام دەستی پێكرد.

ئاوێنە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە شارۆچکەی پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێر، کۆبونەوەی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکرد.

بەپێی میدیای رەسمی گۆڕان "وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەکی نوسراوی پێیە بەناونیشانی "پڕۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چوار ساڵی داهاتو"، كە دیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ حوکمڕانی لەماوەی کابینەی نوێ لە خۆدەگرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پڕۆژەکە لەسەر سێ ئاستە، ئەوانیش سیستمی حوکمڕانی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە؛ وەڵامی پارتی بۆ ئەو پڕۆژەیە، بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان یەکلایی دەکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەت، یان بە پێچەوانەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە سبەینێ هەینی وەفدی پارتی سەردانی شاری سلێمانی بکات بۆ درێژەدان بە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببێتەوەو ئەنجامی ئەو دانوستانانەش کاریگەری دەبێت لەسەر دانیشتنەکەی رۆژی (18)ی مانگی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتر دەستکردن بە رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×