یەكێتی: لەدوا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا باسی گۆڕینی كاندید بۆ پۆستی وەزیری داد نەكراوە
  2019-02-14       935       

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند؛ لەدوا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسی دیاریكردن و گۆڕینی كاندیدی حزبەكە بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق نەكراوە.

ئاوێنە: دوێنێ چوارشەممە میدیای رەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەزاری نوسینگەی راگەیاندنی قادر حەمەجان، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە ئاشكرایكردبو"وەك یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی تەواوكردنی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی فیدرالی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولەمەهدی، مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) كاندیدی پۆستی وەزیری دادی لە حكومەتی فیدراڵیدا دەستنیشانكرد بەكاندیدكردنی (سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم) راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی، بۆ ئەو پۆستەو سەرجەم رێكارە پێویستەكانی بۆ ئەو مەبەستە گرتۆتەبەر."

بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەڕونكردنەوەیەكدا كە میدیای رەسمی حزبەكە بڵاوی كردۆتەوە، رایگەیاندوە"سەبارەت بە پۆستی وەزیری داد لە حكومەتی عێراق، لە دوا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە (13/2/2019)، باسی دیاریكردن‌و گۆڕینی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە نەكراوە، چونكە یەكلانەبونەوەی وەزیری داد هۆكارەكەی سیاسییە‌و پەیوەندی بە كاندیدەوە نییە."

جەختیشی كردۆتەوە"دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستە باڵاكان لەبەغدا و حكومەتی هەرێم لەپشكی یەكێتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەسەر ئەدات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×