بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لەبارەی زۆربونی ئاوی بەنداوەكەوە هۆشداری دەدات
  2019-02-14       1500       

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، لەبارەی زۆربونی ئاوی بەنداوەكەو بەرتەسكبونەوەی رێڕەوی روبارەكەوە هۆشداری دەدات و داوا دەكات لەوبارەیەوە كاری پێویست ئەنجام بدرێت.

ئاوێنە: حەمەتاهیر جەلال عەزیز، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لەنوسراوێكی رەسمیدا كە ئاڕاستەی قائیمقامیەتی قەزای دوكانی كردوە، رایگەیاندوە؛ ئاگادارتان دەكەینەوە كە ئاوی دەریاچەی دوكان لەماوەی سێ مانگی رابردودا لەسەدا 160ی تێكڕای ساڵانەی تێپەڕاندوەو ئەگەر هەیە ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵی 1988 دەریاچەكە پڕببێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەبەرئەوەی رێڕەوی روبارەكە بەهۆی ئەو هەمو زیادەڕۆیانەوە كە كراوەتە سەر كەناری روبارەكە، زۆر بەرتەسك بۆتەوەو ئاگادارتان دەكەینەوە لەئەگەری رودانی هەر مەترسییەك لەسەر كەناری روبارەكەو زیان گەیاندن بە هاوڵاتیان و موڵك و ماڵیان.

داواشی كردوە كە كاری پێویست ئەنجام بدەن و لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكاندا لەئامادەباشیدا بن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە روبدات.

دوای بەدوای ئەو ئاگاداكردنەوەیە قائیمقامی قەزای دوكان لەنوسراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ، بنكەی بەرگری شارستانی، بەشی پۆلیس و یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەزاكەی لە ناوەڕۆكی نوسراوەكەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاگاداركردۆتەوە.

داواشی لەو لایەنە پەیوەندیدارانەی قەزاكە كردوە كە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەرو لەئامادەباشیدابن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×