فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەبەغدا: ئەرکی دەستبەجێی حکومەتی هەرێمە كۆتایی بە پاشەکەوتی موچە پێبهێنێت
  2019-02-14       938       

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند؛ ئەركی دەستبەجێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كۆتایی بە پاشەكەوتی نایاسایی موچە بهێنێت و دەشڵێت؛ بۆ ئەو مەبەستە لەڕێگەی دامودەزگا فیدراڵییەكانەوە فشاردەخەینە سەر حكومەتی هەرێم.  

ئاوێنە: فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند"لەسەر بنەمای دیدگای نەوەی نوێ و ھەوڵ و پشتیوانی زۆرێك لە پەرلەمانتارە کوردەکان و دۆستەکانمان لە پەرلەمانی عێراق، توانیمان گرفتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە لە کێشە و ناکۆکییەکانی دۆسێی نەوت لە نێوان ھەردوك حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێم جیا بکەینەوە و لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ ی عێراق ئەو بنەما و مافانە بچەسپێنین."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە؛ ئێستا كە یاسای بودجەی 2019ی عێراق كەوتۆتە بواری جێبەجێكردن، ئەرکی دەستبەجێی حکومەتی ھەرێمە پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێبێنێت.

جەختیشی كردۆتەوە"سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە چاوپۆشی لە بەردەوامی ئەو زوڵمە نایاساییە ناکەین و لە رێگەی دامودەزگا دەستورییە ئیتیحادیەکانەوە فشار دەخەینە سەر حکومەتی ھەرێم، داوا لە فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەین ھیچیتر لە بڕینی قوتی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان بێدەنگ نەبن و ھەموان پێکەوە حکومەتی ھەرێم ناچار بکەین کۆتایی بە زوڵم و ستەمی پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەران و ھێزەکانی پێشمەرگە بھێنێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×