ئه‌مرۆ یەکێتی‌‌و پارتی‌ "كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌" ئه‌نجامده‌ده‌ن
  2019-02-15       645       
وا بڕیارە کاتژمێر ١١ی‌ پێشنیوه‌رۆی‌ ئه‌مرۆ وه‌فدی‌ دانوستانکاریی پارتی‌و یەکێتی‌ لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی‌ لەشاری سلێمانی کۆببنەوەو ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی-یش، كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ "یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌" وه‌سف ده‌كات.

ئاوێنه‌: له‌چوارچێوه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆی‌ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ وه‌فدی‌ دانوستانکاریی پارتی‌و یەکێتی‌ لەسلێمانی‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌، سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ده‌ڵێت، لەكۆبونەوەی‌ باڵای هەردو وەفدی یەكێتی‌و پارتی، وەفدی دانوستانكاریی یەكێتی دوا پەیامی سەركردایەتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، ئاراستەی وەفدی پارتی دەكات‌و "كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە" دەبێت.

لەبارەی خاڵی هەرە گرنگی داواكاریی یەكێتی لەپارتی، ناوبراو رونیده‌كاته‌وه‌، "جەخت دەكەینەوە كە دەمانەوێت پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی هەرێم‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگار، لەگەڵ پرسی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری داد یەك پاكێج بێت‌و بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر ئەم داواكارییە ناكەین".

سامان گەرمیانی‌ راشیگه‌یاند، ئەگەر ئه‌مرۆ لەگەڵ پارتی نەگەنە رێككەوتن، ئەوا فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری لەكۆبونەوەی رۆژی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان ناكات.به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "بەبێ بەشداریی ئێمەش، كۆبونەوەیەكی شكستخواردو دەبێت".

لەبارەی دوا هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بەداواكارییەكانی حزبەكەی، سامان گەرمیانی وتی‌، "تائێستا پارتی هیچ نەرمییەكی نەنواندووەو جەخت دەكەنەوە كە بەبێ یەكلاییكردنەوەی پرسەكانی كەركوك‌و بەغدا، كۆبونەو ەی پەرلەمان لەڕۆژی 18ی ئەم مانگە ئەنجامدەدەن، ئەمەش لای ئێمە رەتكراوەتەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×