ئەندامێكی وه‌فدی‌ دانوستانکاریی گۆڕان: پێمانوایە چاکسازیی لەناو حکومەتەوە ئاسانترەو باشتر دەکرێت
  2019-02-15       1326       

ئەندامێكی وه‌فدی‌ دانوستانکاریی بزوتنەوەی گۆڕان هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌باره‌ی‌ به‌شدارییكردنیان له‌كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "گۆڕان پێیوایە چاکسازیی لەناو حکومەتەوە ئاسانترەو باشتر دەکرێت".

ئاوێنه‌: ئاراس وەلی، ئەندامی وه‌فدی‌ دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن) باس له‌پرسی‌ چاكسازیی‌‌و ئه‌گه‌ری‌ به‌شدارییكردن له‌كابینه‌ی‌ نۆیه‌م‌و هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌كات له‌گفتوگۆكانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت‌.

ناوبراو ده‌ڵێت، "گۆڕان چەندین قۆناغی تاقیکردوەتەوە، هەم ئۆپۆزسیۆن بون‌و پێشکەشکردنی دەیان پڕۆژەو پاکێجی چاکسازیی، هەم بەشداری لەحکومەت کە دواتر چەندین قەیرانی بەسەردا هات‌و دەرەنجامەکەی بینرا، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، گۆڕان پێیوایە چاکسازیی لەناو حکومەتەوە ئاسانترەو باشتر دەکرێت وەک لەدەرەوەی حکومەت، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بەچونە حکومەتەوە بەلای گۆڕانەوە، دو خاڵە، یەکەم کارنامەی حکومەت، دوەم چۆنیەتی بەشداری‌و هاوبەشی گۆڕان لەپڕۆسەی سیاسیی."

ئاراس وەلی ئاماژەی بەوەشکردووه‌ كه‌ بەرونی بەپارتی دیموکراتی کوردستانیان وتوە کە گۆڕان بەرکەوتەی (12٪)ی سەرجەم پۆستەکانی دەوێت لەسەرجەم سێکتەرو وەزارەتەکان، سەرباری پۆستە سیادییەکان.

پەیوەست بەکۆبونەوەی رۆژی یەکشەممەی‌ 18ی‌ ئه‌م مامگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئاراس به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ کۆبونەوەکە لەسەر ئەو بەرنامەیە بڕوات بەڕێوە کە دیاریکراوە، تاوەکو ئەرکی پێکهێنانی حکومەت ئاسان بکات.

راشیگەیاند؛ بڕیارە رۆژی شەممە جارێکی دیکە پارتی‌و گۆڕان کۆببنەوەو دواتریش جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆ دەبێتەوە بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی بەشداری یاخود بەشداری نەکردن لەکابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ پارتی‌‌و گۆڕان له‌پیرمام كۆبونه‌وه‌و هه‌ردولا كۆبونه‌وه‌كه‌یان به‌ "ئه‌رێنی‌‌و ئیجابی‌" وه‌سفكرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×