بەهادین نوری بو بە 92 ساڵ
  2019-02-15       2923       
بەهادین نوری، سەركردەی دیاری بزوتنەوەی چەپی كوردستان‌و عێراق
ئا: ئاوێنە


بەهادین نوری، سەركردەی دیاری بزوتنەوەی چەپی كوردستان‌و عێراق تەمەنی بو بە 92 ساڵ، ئەو دەڵێت "دڵم ئێستاش هەر بۆ چەپ لێدەدات".


بەهادین نوری یەكێكە لەو كەسانەی بەپێشەنگی بانگەشە كردن بۆ بیری چەپ‌و حزبی شیوعی دادەنرێ‌ لەكوردستان‌و عێراقیشدا، كە لەهەڕەتی هەرزەكارییەوە بەهۆی هەژاری‌و كوێرەوەری خێزانەكەیەوە لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کەرۆژگاری هەڵکشانی چەپ‌ بو لەسەرتاسەری جیهاندا، سەرسام بو بەبیری سۆشیالیزم‌و چوە ناو حزبی شیوعییەوە، هەرچەندە باوك‌و باپیریشی پیاوی ئایینی ناسراو بون‌و خۆیشی لەمنداڵیدا قورئانی خەتم كردبو.

بەهادین نوری پاش تێپەڕینی پێنج ساڵ بەسەر ئەندامێتی لەحزبی شیوعی، رەوتی روداوەكان دوای لەسێدارەدانی "فەهد"ی دامەزرێنەرو سكرتێری حزب، ئەوی لەتەمەنی 22 ساڵیدا کرد بەسكرتێری ئەم حزبە لەساڵی 1949دا، كە لەو رۆژگارەدا یەكێك بو لەحزبە هەرە گەورەو كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق‌و کوردستانیش.

بەهادین نوری بەئاوێنەی وت "لەسلێمانی بوم كە كاغەزێكمان بۆ هات، حەمید عوسمان پێش ئەوەی دەستگیربكرێ‌، وتبوی ئەگەر دەستگیر كرام بنێرن بەشوێن بەهادین نوری بۆ ئەوەی ببێت بە بەرپرسی حزب".

ئەو ئاماژە بەوەش دەكات كە "لەتەمەنی 22 ساڵیدا بوم بەسكرتێری حزب، گەنجێكی دڵگەرم بوم، ئەزمونی سیاسیم نەبو، بەڵام بەدەم ئیشكردنەوە زۆر شت فێر بوم، زمانی عەرەبیش لەبەغدا لەماوەی 6 مانگدا فێر بوم".

بەهادین نوری، سكرتێری هەڵبژێردراوی كۆنگرە نەبو، بەڵكو لەساڵی 1949ەوە تا 1953 سكرتێری دیفاكتۆی ئەو حزبە بو، كە كوردو مەسیحی‌و جولەكەو شیعەكان بەشێكی بنەڕەتی رێكخستن‌و جەماوەرەكەی بون. ئەمیش وەك زۆربەی سەركردە شیوعیەكانی كوردستان‌و عێراق لەو سەردەمەدا بەباشی ئاشنا بەئەدەبیاتی مارکسیزم نەبو، ئەو دەڵێت "دواتر مانیفێست‌و ئەدەبیاتی ماركسیەتم خوێندەوە".

بەهادین نوری ئاماژە بەوەش دەكات كە لەو چوار ساڵەی سكرتێری حزبی شیوعی بوە، توانیویەتی چەند خاڵێك بكات بەبڕیارو بیخاتە بەرنامەی حزبەوە كە گرنگ‌و جێی بایەخ بون، ئەو دەڵێت "یەكەم كەس بوم دیاریكردنی مافی چارەنوسم بۆ كورد خستە بەرنامەی حزبی شیوعییەوە، دروشمی خۆماڵیكردنی نەوت‌و دروشمی روخانی پاشایەتیش بەهەمانشێوە".

دەشڵێت "ئەو شانازییەشم پێبڕا كە دوای فەهد من ببم بەسكرتێر‌و  لەقۆناغێكی هەستیارو پڕ مەترسیدا حزبی شیوعی لەقەیران رزگار بكەم‌و بەسەركردایەتی من ئەم حزبە بەرین‌و زیندو بۆوەو چەندان خۆپیشاندانی گەورەشی رێكخست".

بەهادین نوری كە وەك زۆربەی سەركردەكانی حزبی شیوعی لەپەنجاكانی سەدەی رابردودا روبەروی زیندان بوەتەوە‌و لەشەستەكانی سەدەی رابردوشەوە ناچار كراوە وڵات بەجێبهێڵێ، لەكاتی جیابونەوەی عەزیز ئەلحاج‌و قیادەی مەركەزی لەحزبی شیوعی، سەركردایەتی كۆبونەوەی لیژنەی ناوەندی كردوە بۆ بڕیاردان لەسەر دەركردنی عەزیز ئەلحاج‌و سەركردەكانی دیكەی قیادەی مەركەزی. لەكاتی چونی حزبیشدا لەگەڵ حزبی بەعس بۆ ناو بەرەی نیشتمانی، بەهادین نوری یەكێك بوە لەوانەی ناڕازی بوە لەو هەنگاوەی عەزیز محەمەدی سكرتێری حزب، كە پێیوایە "عەزیز محەمەد ئەندازیاری ئەو رێككەوتنەی نێوان حزبی شیوعی‌و حزبی بەعس بوە".

پێشیوایە هەڵەیەكی گەورەی دیكەی "عەزیز محەمەد" ئەوە بوە كە تەنها سكرتێری حیزبی شیوعی بوە شوێن پێی سەركردەكانی حیزبی تودەی ئێرانی هەڵگرتوەو لەكاتی تەنگانەدا وڵاتی بەجێهێشتوە، كە وەك ئەوان كردبوی بەنەریت لەكاتی گەرمیدا وڵات بەجیبهێڵن‌و بچنە یەكێتی سۆڤیەت یان ئەڵمانیای رۆژهەڵات‌و بولغاریا".

لەوەش خراپتر ئەوە بوە كە عەزیز محەمەد حزبی شیوعی كردوە بەهاوپەیمانی پارتی‌و ئەمەش دەروازەی بەڕوی تێوەگلانی ئەم حزبە لەشەڕی ناوخۆدا كردوەتەوە، ئەو دەڵێت "عەزیز محەمەد لەو رۆژەوەی پەیوەندی لەگەڵ بارزانی بەهێز كرد تا مردنی وەكو سەربازی بارزانی هەلًسوكەوتی كرد، ئەمەش بو بەسیاسەتی باڵی باڵادەستی ناو حزبی شیوعی".

دەشڵێت "كاتێك كەریم ئەحمەد وەك بەدیلی سكرتێر لەكوردستان بو، ساڵی 198٢ رێككەوتنێكی لەگەڵ مام جەلال كردبو، من دژی بوم، لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەوە بوم شیوعییەكان بێلایەن بن‌و دوای یەكێتی‌و پارتی نەكەون‌و نەبن بە بەشێک لەزۆرانبازییەکە، كاتێك كەریم ئەحمەد پەیوەندی بەعەزیز محەمەدەوە لەمۆسكۆ كردبو، کەچی ئەو پێیوتبو تۆ مادام هەر رێككەوتن ئەكەیت بڕۆ لەگەڵ مەسعود بیكە".

بەڵام بەهادین نوری بەپێچەوانەی ئەم سیاسەتە باوەی حزبەكەیەوە، پەیوەندی لەگەڵ تاڵەبانی بەهێزتر بوە تا بارزانی، ئەو دەڵێت "مام جەلال لەگەڵ ئێمە باشتر بو، تەنانەت لەدوای 1963ەوە پەیوەندیمان هەر باش بو، كە بەئوتومبێلەكەی خۆی كۆمەڵێ‌ شیوعی لەبەغداوە هێنایەوە كوردستان، لەبەرئەوە من جەلالم پێباشتر بو".


بەهادین نوری كە 11ی شوباتی 1927دا لەگوندی تەكیەی سەر بەناوچەی قەراغ لەدایكبوە، هەمیشە مانەوە لەوڵات‌و نیشتمانی بەگرنگتر‌و پێویستر زانیوە تا پەنابردنە وڵاتان، هەرچەندە وەك خۆی ئەڵێت تۆزقاڵێك هەستی نەتەوەپەرستی لەخۆیدا بەدینەكردوە، بەڵكو بەلایەوە مرۆڤ گرنگ بوە نەك نەتەوەو ئایینەكەی، ئەو دەڵێت "تەنانەت هاوسەری یەكەمم (مادلین) جولەكە بو".

ئەم سەركردە شیوعییە كە حزبی كۆمۆمنیستی كرێكاری‌و حزبی شیوعی كوردستان‌و عێراقیش بەچەپی سەرلێشێواو ناودەبات، بەم تەمەنەشەوە وەك خۆی دەڵێت "ئێستاش دڵی هەر بۆ چەپ لێدەدات"، هەرچەندە هەمو ئەوانەی خەونی پێوە دەبینی بەدینەهاتن، بەڵام پێیوایە ئایندە هەر بۆ سۆشیالیزمە.

هەرچەندە بەهادین نوری بەهۆی توشبونیەوە لەكاتی منداڵی‌و هەرزەكاریدا بەنەخۆشی سیلی باڵندە، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێك لەسییەكانیان بڕیوە‌و هەناسەدانی قورس‌و زەحمەت بوە‌و پیری‌و هەڵكشانی تەمەنیش بەجەستەو روخسارییەوە دیارە، بەڵام یادەوەری زۆر بەهێزەو دەشڵێت "هەرچەندە تەمەنیشم بو بە 92 ساڵ، بەڵام ئێستاش دەتوانم لەگەڵ پیرەكان پێشبڕكێی راكردن بكەم".
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×