یه‌كێتی‌‌و پارتی‌: لەسەر پرۆژە سیاسییەکەی نێوانمان رێكه‌وتین
  2019-02-15       838       
مه‌حمود محه‌مه‌د، سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌

وتەبێژی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لەسەر پرۆژە سیاسییەکەی نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌  رێککەوتون. وتەبێژی یەکێتی-یش ده‌ڵێت، پاریزگاری کەرکوک بەرێککەوتن داده‌نرێت‌و به‌شداری‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ 18ی‌ مانگی‌ په‌رله‌مانیشدا ده‌كه‌ن.

ئاوێنه‌: دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا هه‌ریه‌ك له‌مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ هه‌ردولایان خسته‌ڕو.

له‌سه‌ره‌تادا سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ وتەبێژی یەکێتی وتی‌، رێککەوتون کە پاریزگاری کەرکوک بەرێککەوتن دابنرێت، هەروەها بۆ پرسی وەزارەتی داد بڕیاردراوە کە ئەو پرسە لەلایەن کاک مەسعود بارزانی‌و یەکێتییەوە یەکلایی بکرێتەوە.

لەبارەی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان سەعدی پیرە رایگه‌یاند، "دەبێت دامەزراوە شەرعییەکانمان چالاک بکەینەوەو هیچ لایەنێک باش ناکات کە لەکۆبونەوەی پەرلەمان خۆی بدزێتەوە، بۆیە یەکێتی بەشداریی لەکۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات".


لای‌ خۆیه‌وه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د وتەبێژی پارتی وتی‌، "لەسەر پرۆژە سیاسییەکەی نێوانمان رێککەوتوین‌و تەنیا ئه‌وه‌ی‌ ماوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەسندی بکات‌و رێککەوتنەکە دواتر واژۆ بکرێت". 

ئه‌وه‌شی‌ رونیكرده‌وه‌، له‌روانگه‌ی‌ به‌خه‌مه‌وه‌ بونی‌ بارودۆخی‌ هه‌ستیاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ردو حزب بریاری پێكهێنانی‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌كیانداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، رێككه‌وتین له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌مو كێشه‌كان به‌ته‌وافوق، له‌نێویاندا مه‌سه‌له‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و كێشه‌ی‌ كه‌ركوك.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×