گومرگی هەرێم رێنماییەکانى جێبەجێکردنى پێناسی نوێی گومرگ بڵاودەكاتەوە
  2019-02-15       2539       
دەروازەی سنوریی باشماخ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رێنماییەكانی وەرگرتنی گومرگی لەكاتی جێبەجێكردنی پێناسی نوێی گومرگی بڵاوكردەوە كە لە ١٧ى شوباتى ٢٠١٩وە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەیەتی گشتی گومرگ لە نوسراوێكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەسەر رەزامەندی وەزیری دارایی و ئابوری لەكاتی جێبەجێكردنی پێناسی نوێی گومرگی كە لە 17ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن دەبێت سەرجەم کرێ و کرێی پشکنین و باج و خزمەتگوزارییەکان لەسەر مەنەفێست بە دۆلار تۆماربکرێت.

لە ڕێنماییەکانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى گومرگى هەرێمدا هاتوە، نۆ دۆلار وەردەگیرێت بۆ کرێی پشکنینى گومرگى تا كێشی دو تۆن، هەروەها کرێی پشکنینى گومرگیش بۆ كێشی سەرو دو تۆن 17 دۆلار وەردەگیرێت.

هەر بەپێی ئەو ڕێنماییانە، باجى دەرامەت لەسەدا 3ى ڕەسمى گومرگى وەردەگیرێت بە دۆلار، بەهاى فۆرم سێ دۆلار، پشکنینى کشتوکاڵى حەوت دۆلار، هەریەکە لە پشکنینى ڤێتێرنەرى و تەندروستى ١٣ دۆلار، پشکنینى کۆنترۆڵى جۆرى ١٣ دۆلار، پشکنینى تاقیگەیی بیناسازى حەوت دۆلار، هەریەک لە قەپان و عمولەى بانک پێنج دۆلار، پشکنینى سوتەمەنى هاوردە نۆ دۆلار، نۆخى تابلۆى ئۆتۆمبێل ١٣ دۆلار وەردەگیرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر دەستەى گشتیی گومرگى عێراق ڕایگەیاندبو، لە ١٧ى ئەم مانگەوە بڕیارى تایبەت بە یەکخستنى پێناسى گومرگى لە نێوان هەرێم و بەغدا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و، خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێم و بەغداش لادەبرێن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×