هەسەدە لەچەند سەعاتی داهاتودا لێدوانێكی گرنگ سەبارەت دوا قۆناغی شەڕی داعش دەدات
  2019-02-16       1011       

بڕیارە لەچەند سەعاتی داهاتودا، فەرماندەی هەڵمەتی گەردەلولی جزیرە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، لێدوانێكی گرنگ سەبارەت بە دوا قۆناغی هەڵمەتەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بدات. روانگەی سوری-یش بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت؛ رێكخراوی داعش بەتەواوی لەسەر زەوی لەكەناری رۆژهەڵاتی روباری فوڕات كۆتایی هاتوە.

ئاوێنە: ئاژانسی هاوار نیوز، نزیك لە یەپەگە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەهەواڵێكی بەپەلەدا بڵاویكردۆتەوە كە لەچەند سەعاتی داهاتودا، چیا فوڕات، فەرماندەی هەڵمەتی گەردەلولی جزیرە، لێدوانێكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە دوا قۆناغی هەڵمەتەكە بۆ شەڕی دژ بە داعش لە دەوروبەری دێرەزور دەدات.

لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردۆتەوە كە لەئێستادا هێزەكانی سوریای دیموكرات خەریكی پشكنینی مەزراكانی نزیك "باغوز"ن لە بەری رۆژهەڵاتی دەوروبەری دێرەزور و بەدوای ئەو چەكدارانەی داعشدا دەگەڕێن كە لەو تونێلانەدا خۆیان حەشارداوە كە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەو رێكخراوەدا لەو ناوچەیە دروست كراون.

روانگەی سوری وتویەتی"بەمەش رێكخراوی داعش بەتەواوی لەسەر خاكی كەناری رۆژهەڵاتی روباری فوڕات كۆتایی هاتوەو تەنها ئەو چەكدارە هەڵهاتوانەی نێو تۆنێلەكانی لێ ماوەتەوە."

بەپێی روانگەی سوری كۆتاییهاتنی رێكخراوی داعش دوای ئەوە هاتوە كە سەدان چەكداری ئەو رێكخراوە لەچوارچێوەی "رێككەوتنێكی رانەگەیەندراودا" خۆیان رادەست كردوە و لەئێستاشدا ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی ئەمریكا كۆتاییهاتنی رێكخراوەكە بەتەواوی لە بەری رۆژهەڵاتی روباری فوڕات رابگەیەنێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×