سوپای پاسداران، پاكستان بە پشتیوانیكردنی گروپی "جەیشولعەدل" تۆمەتباردەكات
  2019-02-16       621       

محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران، پاكستان تۆمەتباردەكات بە پشتیوانیكردنی گروپی "جەیشولعەدل" كە ئەو گروپە بەپرسیارێتی هێرشە خۆكوژییەكەی هەفتەی رابردوی بۆ سەر پاسێكی سوپای پاسداران لەپارێزگای سیستان و بلوچستان لەئەستۆگرتبو كە تێیدا 27 پاسدار كوژران.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران داوای لەئەفغانستان كردوە شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارە بگۆڕێت.

جەعفەری جەختی لەوە كردۆتەوە كە بەپێچەوانەی ئەوەوە مامەڵەی ئەمان جیاواز دەبێت لەگەڵ رابردودا و هێزە ئێرانییەكان هەنگاوی تۆڵەسەندنەوەیان لەبەرامبەر ئەو گروپەدا دەبێت و پاكستان-یش لەوكاتەدا لێكەوتەكانی پشتیوانیكردنی لەو گروپە دەبینێتەوە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردو، پاسێكی سوپای پاسداران لەسەر رێگای خاش-زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بلوجستانی ئێران كرایە ئمانجی هێرشێكی خۆكوژی و لەئاكامدا 27 كەس لەهێزەكانی سوپای پاسداران كوژراون و 14 پاسداری دیكەش برینداربون.

گروپی "جەیشولعەدل" بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت كە بەگەورەترین هێرش بۆ سەر هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەماوەی پێنج مانگی رابردودا دەژمێردرێت ئەوەش پاش هێرشە چەكدارییەكە بۆ سەر هێزەكانی ئێران لەئەحواز.

گروپی جەیشولعەدل، خۆی بە داكۆكیكار لە مافەكانی كەمینەی بلوچ و سوننەكانی ئێران دەناسێنێت  بەڵام ئێران بە گروپێكی "تیرۆریست" لەقەڵەمی دەدات.

فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئەو گروپەی بە مەترسیدار بۆ ئیسلام ناوبردوەو حكومەتی پاكستانی تۆمەتباركردوە بەوەی كە ئەندامانی ئەو گروپە داڵدە دەدات و شوێنیان دەزانێت.
وتوشیەتی"ئەوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پاكستانەوە پشتیوانی دەكرێن."و داواشی كردوە كە پاكستان لەو روەوە هاوكاری ئێران بێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×