فەرماندەیەكی هەسەدە: چەكدارانی داعش لە 700 مەتر چوارگۆشەدا گەمارۆدراون
  2019-02-16       678       

چیا فوڕات، فەرماندەی هەڵمەتی گەردەلولی جزیرە رایگەیاند؛ لەدوا مۆڵگەیاندا لە ناوچەی باغۆز، چەكدارانی داعشیان لەروبەری 700 مەتر چوارگۆشەدا گەمارۆداوەو هۆكاری لەسەرخۆیی پێشڕەویشیانی بۆ پاراستنی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە گێڕایەوە كە داعش دەستبەسەری كردون و وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریاندەهێنێت.

ئاوێنە: چیا فوڕات، ئەمڕۆ شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند چەكدارانی داعش لە روبەری نزیكەی 600 بۆ 700 مەتر چوارگۆشەدا گەمارۆدراون. وتیشی"ئێمە بەورییایەوە پێشڕەوی دەكەین و هۆكاری لەسەرخۆیی هەڵمەتەكەمان بونی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە كە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریاندەهێنێت. ئێمە هەوڵدەدەین گیانیان پارێزراو بێت."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ژمارەیەك دیلیان لای چەكدارانی داعشەو تا ئێستا توانیویانە 10 لەو دیلانەیان رزگاربكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەزاران هاوڵاتی مەدەنیان لەڕێگەی كردنەوەی رێڕەوی ئارامەوە بۆیان رزگاركردون و هاوكاریان پێشكەش كردون.

جەختیشی كردەوە كە تێكشكاندنی داعش بەتەواوەتی چەند رۆژێك ناخایەنێت و لە كاتێكی نزیكدا مژدەی سەركەوتن دەدەینە پێكهاتەكانی ناوچەكەو جیهان.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×