دیندار زێباری: ده‌ستگیركراوانی روداوه‌كه‌ی شیلادزێ ئازادناكرێن
  2019-02-17       1724       

دیندار زێباری، رێكخه‌ر راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستگیركراوانی روداوه‌كانی شیلادزێ به‌ "گێرشێوێن" ناوده‌بات و ده‌شڵێت"ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ بە ماددەی (١٦٥) راگیراون کە قابیلی ئازادکردن بەکەفالەت نین."

ئاوێنه‌: دیندار زێباری، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاوێنه‌ نێردراوه‌ لە وەڵامی چەند رێکخراو و میدیایه‌كی نێودەوڵەتیدا کە راپۆرتیان دەربارەی روداوەکانی شیلادزێ بڵاوکردۆتەوە رایگەیاند"لە رۆژانی 23-25 /1/2019 لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکان لە دەڤەری ئامێدی (٤) هاوڵاتیی سڤیلی شیلادزێ شه‌هید بون، بۆ ئیدانەکردنی ئەم بۆردومانە رۆژی 26/1/2019 نزیکەی (٤٠٠) هاوڵاتی دەڤەرەکە بە گشت پێکهاتەکانییەوە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و داوایان کرد کە تورکیا و په‌كه‌كه‌ ململانێکانی خۆیان ببنەوە تورکیا و چیتر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبنە قوربانی ئەو ململانێیە، بەڵام چەند کەسێکی گێرەشێوێن کە ئەجێندای سیاسییان لە پشت بو، هاوڵاتییانیان هاندا بۆ کاری تێکدەرانەو لە ئەنجامدا خۆپیشاندانەکە توندوتیژیی لێکەوتەوە و زیانی گیانی و ماددیشی هەبو، کەسێک گیانی لە دەستدا و (١١) دیکەش برینداربون هەروەها (٢) کارمەندی پۆلیسیش بریندار بون."

دیندار زێباری لە درێژەدا وتی"بۆ رێگەگرتن لەو توندوتیژییە لەلایەن پۆلیسی شێلادزێ (١٣) کەس بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون بەپێی ماددەی (١٦٥) لە یاسای سزادانی عێراقی کە هانی کاری تێکدەرانە و توندوتیژییان دەدا لە هەمان کاتدا سەر بە چەند لایەنێکی سیاسی دیاریکراون، راگیراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە دانیان بەوە ناوە کە هاوڵاتیانیان هانداوە بۆ توندوتیژی دژی دامودەزگاکانی حکومەت و بنکە سەربازییەکان، ئێستا ئەو کەسانە لە بنکەی پۆلیسی شێلادزێ راگیراون و گشت مافەکانیان هەیە وەک بونی پارێزەر و سەردانی خزم و کەس و رێکخراوەکان، بەڵام ئازادنەکردنیان بە کەفالەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماددەی (١٦٥) ماددەیەکی یاسایی (جیناییە) و هەر کەسێک بەم ماددەیە دەستگیر بکرێت، ناتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گشت راگیراوەکان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان لە بنکەی پۆلیس ئەنجامدراوە و تەنیا دادوەر بۆی هەیە بڕیاری گۆڕینی ماددەکە بدات و ئازادیان بکات، تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان لە کەیسەکە بەردەوامە."

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە هەواڵی دەستگیرکردنی چەند چالاکوانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە وتی"دو رۆژ دوای رودواوەکانی شێلادزێ پۆلیسی دهۆک بە فەرمانی دادوەر (56) کەسی دەستگیرکرد دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام (٥) کەس لەوانە کە (٣)یان لە دەرەوەی شاری دهۆک هاتبون بەپێی ماددەی (١٦٥) راگیراون، چونکە کاریان کردوە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و داڕشتنی پلانی تێکدەرانە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، بە بیانوی پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکەی شێلادزێ کە لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بو."

سەبارەت بەو کەسانەی کە لە شاری دهۆک دەستگیرکراون دیندار زێباری ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو"ئەو راگیراوانە دانیان بەوە ناوە هانی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و نانەوەی ئاژاوەیان داوە لە شاری دهۆک و بۆ ئەم مەبەستە هەندێکیان لە شارەکانی دیکەوە چوبونە دهۆک، هەروەها بەشێکیان پێشتر بە چەند ماددەیەکی دیکە حوکمدراون واتە پێشینەیان هەیە و یەکەم جاریان نییە دەستگیر بکرێن."


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×